سهرهتا وتار دروستکردنی ژینگەیەکی لەبار بۆ گۆڕانکاری لە دەوڵەتدا
فازڵ میرانی
باشترین بەڵگەی ڕەخساندنی ژینگەیەکی لەبار بۆ پابەندبوون بە هاووڵاتیبوونەوە، مامەڵەكردنی خێرای حکوومەتە لەگەڵ حاڵەتە فریاگوزارییە لەناکاوەکاندا، بەتایبەتیش ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامیداوە، ئەم ئەرکەش نابێت تەنیا لە ئەستۆی ئەودا بێت، بەڵکو دەبێ حکوومەتی فیدراڵییش ئەرکی خۆی لەئەستۆ بگرێت، لە ڕێگەی ئامادەکاری و بەدەنگەوەچوونی دەستبەجێ و بەردەوام، دەبێ هەماهەنگی لە نێوان هەموو دەزگاکانی هەردوو حکوومەت و ڕێکخراوە فریاگوزارییەکان بۆ یارمەتیدانی هاووڵاتییان هەبێت، تاوەکو بە خێرایی قەیرانەکە تێبپەڕێنن و قەرەبوویەکی شایستەش بدەنەوە بە زیانلێكەوتووان.
ئەركی حکوومەت و کەمتەرخەمییەكان، بە هەبوون و نەبوونیانەوە، بۆ هەمووان ئاشکرایە و دەبینرێت، ئەمەش بەپێی یاسای بەرگریی شارستانی ژمارە 44ـی ساڵی 2013.
ئەم بڕگە سەرەتاییە لەلایەن حکوومەتی بەغداوە بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، جێبەجێکردنەكەی گرنگە، تاوەکو زیانلێکەوتووانی کارەساتەکانی لافاو، پابەندبوونی بەغدا بە مافی هاووڵاتیبوونیانەوە بەدی بکەن، ئەوەیش بەرپرسیارێتییەكی نوێ دەخاتە سەرشانی حكوومەت، ئەویش بریتییە لە پیشەسازی ژینگەی بەردەوامیدان بە دەوڵەت.
ئەم کارو كردەوانەش جوولەگەلێکیان هەیە هاوشێوەی سووڕانەوەی ددانەکانی مەکینە، كە هەر جوولانەوەیەك ئەوەیتر تەواو دەكات، بەهەمانشێوە جوولەی دامەزراوەكانی دەوڵەت، كە لە نێوخۆیاندا کار دەکەن و كارلێكیان لەگەڵ یەكتر دەبێت، جوولەی خزمەتگوزارییەکان و گەشەپێدان و بەهێزکردنی ئابووری و هەڵبەت جوولەی مرۆڤیش، لەگەڵیان تێکەڵ دەبن و پاشان ئەم جوولانەوانە لە ڕێڕەو و پەیوەندیییەكی سوودبەخشدا یەکدەگرێت و دەبنە تەواوكاری یەكتر. ئەمە ژینگەیەکی لەبارە بۆ دەوڵەت، لە پێگەیشتن و قووڵیی و مانەوەشیدا.
ژینگەیەکی لەم شێوەیەش بە ڕێکەوت دروست نابێت، بەڵکو مەبەستدارە، داواکراوە، هۆشیارانە و واقیعییانەیە، بەرگەی بیناكردن لەسەر بۆشایی، یان خۆبەزلزانی و بانگەشەی نادروست ناگرێت.
پلاندانان بۆ ئەم کارە ستراتیژییە گەورەیە، تەنیا بە تێگەیشتن لە ژینگەی کۆمەڵایەتی و دابەشبوونەکانی، دەستنیشانكردنی هەبوون و بڵاوبوونەوە و سەنگ و کاریگەرییەکەی دەکرێت، هەروەها بەستنەوەی بە خاکی دەوڵەتەوە بە شێوەیەک کە پەیوەندییەکی پێشکەوتوو بێت لە دڵسۆزیی ئارەزوومەندانە و متمانە بە سیستەمی فەرمانڕەوایی، لە ڕووی لێهاتوویی بەڕێوەبردن و دادپەروەریی لە مامەڵەکردن و جێگیریی و ڕوونیی ئاراستەکەیەوە.
چەندین دەوڵەت هەن، چ لە مێژوودا و چ لە ئێستادا، کە کاریان لەسەر ئەم چەمکانە کردووە و سەرکەوتوو بوون، لە بەرامبەر قەیران و جەنگەکانیشدا خۆیان ڕاگرتووە. لە بەرامبەریشدا، نموونەی دیکەی مێژوویی و زیندووش هەن، کە پلانیان بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی لەبار داناوە تەنیا بۆ مانەوەی دەسەڵاتی خۆیان، لە ئەنجامدا یان نەماون یان پووکاونەتەوە. یانیش ئەگەر مابێتنەوە، ئەوا بەهۆی دەسەڵاتێکی پۆڵایینی خنکێنەر و لە چوارچێوەی هاوسەنگیی هێزەکاندا بووە، بەڵام تەمەنیان کورتە، چونکە ئەمە سرووشتی شتەکانە.
هیچ شتێک هێندەی ئەم سێ شتە بۆ دەسەڵات لەناو دەوڵەتدا مەترسیدار نییە: درۆ، خەیاڵ، و خۆبەهێزکردن لەسەر حیسابی سەروەریی، ئینجا ئەگەر هەرسێكیان پێکەوە کۆبوونەوە، ئەوا وەک ئەوە وایە سێ نەخۆشیی کوشندە لە جەستەیەکدا کۆببنەوە، ئەگەریش لێی چاک ببێتەوە، ئەوەندە لاواز دەبێت، کە چیتر هیوای هیچ هەوڵ و کۆششێکی لێ ناکرێت.
دەڵێن، (ئینجا گێڕانەوەکە ڕاستیی بێت یان خەیاڵیی، گرنگ ئەوەیە ئامانجدارە) کە عەبدوڵڵای گەورە کوڕی محەمەد (ئەبو جەعفەر)، ناسراو بە مەنسوور، دووەم خەلیفەی عەباسییەکان، پرسیاری لە یەکێک لە ئەمەوییەکان کردووە: “ئێمە شۆڕشمان بەسەر ئێوەدا کرد، ئەی ئێوە چۆن بوو ڕووخان؟” وەڵامی دایەوە: “کاروباری بچووکمان دایە دەست کەسانی گەورە و کاروباری گەورەمان بە کەسانی بچووک سپارد. دوژمنمان لە خۆمان نزیک کردەوە بۆ ئەوەی بێدەنگی بکەین و هاوپەیمانەکانیشمان لە خۆمان دوورخستەوە، چونکە لە وەفادارییان دڵنیابووین.”
ئەم قسەیە (ئەگەر ڕاست بێت)، هەرچەندە تەمەنی لە هەزار ساڵ زیاترە، بەڵام وتەیەکی کاریگەرە و ئەگەر دەسەڵاتێک کاری پێ بکات، کە نایەوێت دەستبەرداری عەقڵیەتی فەرمانڕەوایی کۆن بێت، ئەوا هەمان ئەنجامی لێ دەكەوێتەوە و هەمان ڕووداوی بەسەردا دێت.
دەسەڵاتێک کە ژینگەیەکی لەبار بۆ لەناوچوونی خۆی دروست دەکات، بڕیارەکانی شڵەژاو و هەڵوێستەکانی پەرتەوازەن، لە نێوان نهێنی و ئاشكرادا ململانێ دەكات، لە واقیع هەڵدێت، نایەوێت لێپرسینەوەی لەگەڵ بکرێت، بەدوای ڕەزامەندیی ئەو بەهێزانەدا دەگەڕێت، کە خاڵە لاوازەکانی دەزانن و هەر خۆشیان هۆکاری ئەو لاوازییەن.
ئەو کەسەی نایەوێت خۆی بە لێکۆڵینەوەی ئابوورییەوە ماندوو بکات و ئەوەی پلاندانان بە خۆشییەکی فیکری دەزانێت و ئەوەی وادەزانێت کە چینەکانی کۆمەڵگە بە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی بۆ باسکردنی دەستکەوتەکانی بەهێز دەبن و ئەوەی پرسیار لە چارەنووسی بەهای دراوەکەی ناکات و ئەوەی پێگە و پۆستەکەی تەنیا بۆ تامکردنی ئەو شیرینییە دەوێت، کە لە ژیانیدا نییەتی، حەرامە گەلان شانی خۆیان بە هەڵگرتنی کەسانی لەم جۆرەوە قورس بکەن.
بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
و: لە عەرەبییەوە: سەردار حوسێن