سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی دروستبوونی لافاو لە سنووری قەزای چەمچەماڵ دوو هاونیشتمانی گیانیان لەدەستداوە و لایەنە پەیوەندیدارەکانیشی راسپاردووە بە هانای لێقەوماوانەوە بچن.
رۆژی سێشەممە، 9-12-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی لەبارەی زیانەکانی لافاو لە سنووری قەزای چەمچەماڵ بڵاوکردەوە.
پەیامێک لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە
بە داخەوە بە هۆی لافاوەوە، دوو هاووڵاتی لە شارەدێی شۆڕش سەر بە قەزای چەمچەماڵ گیانیان لە دەستداوە و زیانی ماددیش بەر ماڵی هاووڵاتییان و قوتابخانە و فەرمانگەکانی حکومەت کەوتووە.
پرسە و سەرەخۆشیی قووڵی خۆم ئاراستەی کەسوکاری قوربانیان دەکەم و هاوبەشی خەمیانم ، هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ برینداران دەخوازم.
وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و ئیدارەی خۆجێییم ڕاسپاردووە کە بە هانای لێقەوماوانەوە بچن و هەر هاوکاری و یارمەتییەک پێویست بێت، پێشکەشیان بکەن.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2025/12/9