باره‌گای بارزانی له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا لەبارەی شكاندنی قه‌بر و كێلی كریستیانه‌كان له‌ شاری كۆیه‌ به‌توندی هاته‌ ده‌نگ و ده‌ڵێت “ئه‌وه‌ی روویداوه‌ كرده‌وەیه‌كی ناڕه‌وایه‌ و دووره‌ له‌ دابونه‌ریت و كولتووری پێكه‌وه‌ژیان”.

لە راگەیەنراوەكەی بارەگای بارزانی هەروەها هاتووە “پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان بە زووترین کات ئەنجامدەرانی ئەم کارە قێزەوەنە بدۆزنەوە و بە سزای یاسایی خۆیان بگەیەنن” .

دەقی راگەیەنراوەكەی بارەگای بارزانی:-

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

زۆر بە توندی ئیدانەی کردەوەی ناڕەوای تێکدان و شێواندنی قەبر و کێلی گۆڕستانی کریستیانەکان دەکەین کە لە 3ی کانوونی یەکەمی 2025 لە شاری کۆیە ڕوویداوە.

ئەمە کردەوەیەکی ناڕەوایە و دوورە لە دابونەریت و کولتووری پێکەوەژیان و برایەتی و تەبایی گەلەکەمان و هەروەها نامۆیە بە کۆمەڵگەی کوردستانی.

پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان بە زووترین کات ئەنجامدەرانی ئەم کارە قێزەوەنە بدۆزنەوە و بە سزای یاسایی خۆیان بگەیەنن .

پێویستە ڕێگە لەمجۆرە کردەوانە و هەر کردەوەیەک بگیرێت کە فەرهەنگی پێکەوەژیان و ئاشتەوایی و تەبایی گەلی کوردستان دەکاتە ئامانج.

بارەگای بارزانی

4ی کانوونی یەکەمی 2025