هۆشیار زێباری، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی كارگێڕیی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر لەبارەى هێڕشەکەى سەر کێڵگەى کۆرمۆر دەڵێ: هێرشی دوێنێی گرووپە میلیشیاکان بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر بە مووشەکی گراد بووە  و لە دووزخورماتووەوە ئاراستە کرابوون.

هاوکات ڕاشیگەیاندووە: هێرشەکە بە مەبەستی تێکدانی ئابووریی هەرێم و ژێرخانەکەیەتی، جارێکی دیکە ئەوە دووپات دەکاتەوە کە حکوومەتی فیدراڵی کۆنترۆڵی بەسەریاندا نییە.

ئاماژە بەوەش دەدات: ئێستا هەلێکی زێڕین لەبەردەم حکومەتەکەی سوودانیدایە بۆ ئەوەی دەسەڵاتی خۆی بسەپێنێت و تاوانباران سزا بدات، کە ئەمەش چانسی خۆکاندیدکردنەوەی بۆ خولی دووەم بەهێزتر دەکات.

لە بەشێکی دیکەى نووسینەکەیدا دەڵێ: پێشوازی لە هەڵوێستی نوێنەری تایبەتی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ بۆ عێراق، مارک ساڤایا دەکەین سەبارەت بەو هێرشە تیرۆریستییە بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکی و ئیماراتییەکان بە نزیکەی نیو ملیار دۆلار، بۆ پشتیوانیکردنی ئاسایشی وزە لەم کێڵگەیەدا وەبەرهێنانی کردووە.

درەنگانی شەوی چوارشەممە، ٢٦ى ١١ى ٢٠٢٥، هێرشێکی چڕ کرایە سەر کێڵگەى غازی کۆرمۆر و بەوهۆیەوە ناردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان وەستا.