گفتوگۆی ژمارەی کورسییەکان

278

فازڵ میرانی
من سوورم لەسەر نووسینێکی بێلایەنانە و زانستییانە، چاوەڕوانی تێگەیشتنی لایەنی بەرامبەریشم، هەڵبژاردنی ناونیشانی (گفتوگۆی ژمارەی کورسییەکان) ئامانج و ناوەڕۆکەکەی ئەوەیە: ئایا کێشەکانی عیراق تەنيا سیاسیین، كە بارگرانیی دەخەنە سەر دەسەڵاتی جێبەجێکردن؟ یان کێشەکانی عیراق هەمیشە ئامادەییان هەیە، ئینجا کورسییەکان زیاد بکەن، کەم بکەن، یاخود هەر نەمێنن.

بە واتایەكی نزیك و ڕوونتر، ئایا ئەو باوەڕە هەیە، کە پشت بە ئەنجوومەنی نوێنەران ببەسترێت بۆ ئەوەی ببێتە ناوەندێکی کاریگەر، بۆ یاسادانانی دەستوورییانە و چاودێرییەکی ڕاستەقینەی ئەو ماددە دەستوورییانە بكات، كە پەكخراون؟
نموونەیەکی مێژوویی بۆ ئێمە و بۆ غەیری ئێمەش لە ئۆپۆزسیۆنی عێراقی هەیە، کە مەبەستم ئەنجوومەنی نوێنەرانە نەک دەسەڵاتی پێشوو، هەروەها لەگەڵ تێگەیشتنی من و کەسانی تریش بۆ کارکردنی ئەنجوومەنی نوێنەران لە ڕژێمی پێشوودا، دەڵێم: نە ئێمە و نە ئەوانەی لەناو ئۆپۆزیسیۆندا هاوڕێمان بوون، نوێنەرایەتیمان تێدا نەبوو، سەرەڕای ئەوەش نەبوونی ئێمە وەک هزر و کارکردن لە دەسەڵاتەکانی ڕژێمدا، ئێمەی لە کێشەکانی عیراق دانەبڕی، چونکە ڕژێمی پێشوو و ڕژێمەکانی پێشتریش، هیچیتر نەبوون جگە لە دەسەڵاتی تایفی یان کودەتاچی، میراتەکەشیان (بە تاك یان بە کۆ) جگە لە میراتێكی خراپ، هیچیتر نەبوو، کە كاریگەری و درێژکراوەی شوێنەوارەکانی تا ئێستایش هەر ماوە.

بەڵام کاتێک ڕژێم ڕووخا و سیستەمێکی نوێ هاتە ئاراوە، بەرپرسیارێتیی یاسایی ناوەندێکی یاسایی دروست کرد، کە دەسەڵات پابەند دەکات بە دەستوور و میکانیزمەکانی و ئەوەیش سەرچاوەی شەرعییەتەكەیەتی، ئەگەرنا، تووشی گێژاو دەبێت، گێژاوێک کە هۆکارەکەی هەرچییەک بێت، لە بەرپرسیارێتییە یاساییەکەی نایبوورێت، چونكە پێشێلكردنی دەقە یاسایی و دەستوورییەكان لە نەزانی بێت یان بە ئەنقەست، ئەنجامدەرەكەی لە سزای یاسایی نابەخشێت، مەگەر لە بارودۆخێكی زۆر نائاساییدا بێت.

لە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانەوە، منیش یەکێکم لەوانەی چاودێریی شێوازی لێدوانەکان دەکەم، چ لەلایەن براوە تاكەكان بێت یان هاوپەیمانیەتییەكان، هەروەها لەلایەن ناکۆکەکانیشەوە، کە هۆکارەکەی تەنیا ناسنامەی لایەنەکان نییە، بەڵکو لەناو ئەو بوارەشدا هەیە، کە دەبوو مەودای ژیاریی هەر پێکهاتەیەک بێت، كە بەداخەوە لە واقیعدا عیراق دوایین شتە و تەنیا لە بانگەشە و قسەکردندا، لە پێشەوەیە.

ئەگەر گفتوگۆی کورسییەکان، زۆرینەیان ئامانجەکەی ئەوە بێت حکوومەتێکی هاوبەش پێکبهێنێت نەک بەشداریکردن، حکوومەتێکی خزمەتگوزار بێت بە ئینتیمایەكی عیراقییانەوە، حکوومەتێک بێت کە بەرنامەکەی واقیعی بێت، بێگومان ئەمە باشترین گفتوگۆیە.

بەڵێ، ئێمە هەموومان پێویستمان بە گفتوگۆیەکی کورسییەکان هەیە، کە رۆڵی لە هەڵبژاردنەكە هەبێت و بەدواداچوون و چاودێریکردنی هەموو دامەزراوە و جومگەکانی دەوڵەت بگرێتەوە ئەستۆ، تا هاووڵاتیی عیراقی هەست بکات لە وڵاتەکەیدا ڕێزی لێ دەگیرێت، ئاسایش و ئارامیی هەیە، ئێستای مسۆگەرە و دڵنیایە لە داهاتووی، وڵاتەکەی خاوەن سەروەریی تەواوە و ناسنامەکەشی کۆکەرەوەی هەموو پێکهاتەکانییەتی.

ئەگەر ئەو بەڵێنەی دەدرێت و متمانەی پێکهاتەکانی عیراق بەدەست دەهێنێت، کە فراکسیۆنەکان ناکۆک و دژ بەیەکتری نەبن و ڕیزبەندییەک دژی یەكتر دروست نەکەن، کە دژایەتییەکەی دوور بێت لە ڕۆحی نوێنەرایەتی، ئەوا ئەمە مانای زوڵمكردنە لە دەنگدەر، شێواندنی دەستوورە و زیانگەیاندنی بە ئەنقەستە بە عیراقییەکان و سامانی نیشتیمانییان.

دیاردەی لێدوانە پەردەپۆشكراوەكان بە كلێشەیەكی داڕێژراو نیگەرانم دەكەن، چونکە سەلامەتیی کۆمەڵگە چیتر بەرگەی شتی وەها ناگرێت، ئەمە دەبێتە هۆی لەدەستدانی زیاتری متمانەی خەڵک و زەمینە بۆ شۆکبوونێكی وا خۆش دەکات، کە ژیانیان ئازار دەدات.

ئەوانەی دەیانەوێت بە ژمارەی کورسییەکانیانەوە دابنیشن، پێویستە زیاتر کار بکەن نەک تەنیا بەڵێنی بێ كردار ڕابگەیەنن، پێویستە لە قەبارەی بەرپرسیارێتی جێبەجێكردن و یاسادانان تێبگەن و بەراوردی بکەن، تا لەگەڵ پێداویستییەکانی کۆمەڵگەی هەمەچەشنی عێراقدا بگونجێت.

سەروەری، دۆسیەی ئاو، پەروەردە و تەندروستی، دراو و جووڵەی دراو، چەک، ئاڵەنگارییە ئەمنییەکان و وشککردنی ئەو سەرچاوانەی تاوانیان لێ دروست دەبێت بەهۆی هەژارییەوە، پەراوێزخستن و گەندەڵییەوە، کە لەلایەن هێزی ناسراوەوە پشتیوانی دەکرێت.

گفتوگۆی ژمارەی کورسییەکان، ئەو دابەشکارییە سیاسییەی کە بانگەشەی زۆرینەی ژمارەیی دەکات، ئەوانەی ئەم (ناسنامەیە) هەڵدەگرن، دەبێت لە ڕۆڵی خۆیان تێبگەن لە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیی پۆستە باڵاکان، کە خاوەن دەسەڵاتێکی گەورەی بڕیاردانن.

دەبێت ئەوە بزانن کە ئەوان تەنیا لە پۆستێکی سیاسیی بەتاڵی خاوەن ناسنامەیەکی یەك ڕەهەند نین، کە تەنیا لەناو ژینگەکەی خۆیاندا کارابن و دابڕاوبن لەوانی دیكە، بەڵکو لە پۆستێکی حکومیی جێبەجێکاریدان، کە پێوەرەکەی لێهاتوویی و تێگەیشتنە لە یاسا و ڕێساکان، ئەرکیشی خزمەتکردنی خەڵکە بە سامانی خۆیان.

بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان

و: لە عەرەبییەوە: سەردار حوسێن