ئەمڕۆ چوارشەممە 12ى 11ى 2025، کۆمیسیۆنی باڵاى سه‌ربه‌خۆى هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕێژە سەرەتاییەکانی بەشداریی جەماوەریی لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ساڵی 2025 ڕاگەیاند، ئەوەش دوای ئەوەی 99.98%ی کۆی وێستگەکانی دەنگدان جیا کرایەوە.

بەپێی خشتەیەکی ئاماریی کۆمیسیۆن، ڕێژەی بەشداریی گشتیی لە دەنگدانی گشتی لە ئاستی وڵاتدا گەیشتووەتە ٥٤.٣٥%، دوای ئەوەی ١٠,٩٠٤,٦٣٧ دەنگدەر لە کۆی ٢٠,٠٦٣,٧٧٣ دەنگدەری تۆمارکراو، دەنگیان داوە.

پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و پارێزگای نەینەوا زۆرترین ڕێژەی بەشدارییان تۆمارکردووە، بە جۆرێک پارێزگای دهۆک بە ڕێژەی بەشداری ٧٦.٠٧% لە پێشەنگی پارێزگاکان بووە، دوای ئەویش پارێزگای هەولێر بە ڕێژەی ٦٩.٠٢%، پاشان پارێزگای نەینەوا بە ڕێژەی ٦٤.٠٧%.

هەروەها ئامارەکان ئەوەیان دەرخستووە کە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە ڕێژەی بەشداریی بەرزیان تۆمارکردووە، بە ڕێژەی ٦٤.١٢% و ٥٦.٨٧% بە ڕێککەوت.

لە کاتێکدا ڕێژەی بەشداریی لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور جیاواز بووە، بە جۆرێک پارێزگای سەلاحەدین ٦٦.٤٤% و ئەنبار ٦٥.٩٣% و بەسرە ٥٠.٢١% و زیقار ٤٧.٩٤% و قادسییە ٤٨.٣٩%یان تۆمارکردووە، لە هەمان کاتدا کەمترین ڕێژەی بەشداری لە پارێزگاکانی میسان ٤٠.١١% و بابل ٤٩.٨٢% تۆمارکراوە.

لەبارەی پارێزگاى بەغداوە، ڕێژەی بەشداری لە بازنه‌ى ڕه‌سافە گەیشتووەتە ٤١.٥٥% و لە بازنەی کەرخ ٥٣.٢٧%.

سەبارەت بە دەنگدانی تایبەتی هێزە چەکدارەکان و ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان کە پێشتر لە 9ی ئەیلوول ئەنجامدرا، بەشدارییەکی بەرزی بەخۆیەوە بینی کە ڕێژەکەی گەیشتە ٨٢.٥٢%، بە جۆرێک ١,٠٨٤,٢٨٩ کەس لە کۆی ١,٣١٣,٩٨٠ کەس دەنگیاندا.

هەروەها دەنگدانی ئاوارەکانیش ڕێژەیەکی بەرزی بەشدارییان بەخۆیەوە بینی کە گەیشتە ٧٧.٣٥%، بە جۆرێک ٢٧,٥٢٧ دەنگدەر لە کۆی ٣٥,٥٣٨ دەنگدەری تۆمارکراو دەنگیاندا.

بە تێکەڵکردنی ئەم ژمارانە، دەستەکە ڕایگەیاند کە کۆی ژمارەی دەنگدەران – بەپێی ئەنجامە سەرەتاییەکانی وێستگە گشتییەکان و کۆی وێستگەکانی دەنگدانی تایبەت و ئاوارەکان – گەیشتووەتە ١٢,٠٠٩,٤٥٣ دەنگدەر لە کۆی ٢١,٤٠٤,٢٩١ دەنگدەر، بەمەش هەڵبژاردنەکان ڕێژەی بەشداریی گشتیی سەرەتاییان بە ڕێژەی ٥٦.١١% بەدەستهێنا.