کتێبی سی تایبەتمەندییەکان (گەشەی تاک، بەڕێوەبردنی کۆمەڵایەتی، بنەماکانی حوکمڕانی)، نووسینی پڕۆفیسۆر دکتۆر مەحموود سەریعولقەڵەم، مامۆستای زانستە سیاسییەکان، وەرگێڕانی کاروان کەریمخان لە چاپخانەی ئەحمەدێ خانی لە شاری سۆران چاپ کرا.

زانستی مرۆیی، بابەتی کۆمەڵایەتی، پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی، بەڕێوەبردن، حوکمڕانی بابەتە سەرەکییەکانی کتێبەکەن کە ئامانجەکەی دیاری کردنی ڕێگەیە بۆ گەشەی تاک، بەڕێوەبردنی کۆمەڵایەتی و تێگەیشتن لە بنەماکانی حوکمڕانی. ئەم کتێبە بە ئاگایی بەخشی و پاڵاوتنی دەروون گەڕانەیەکە بۆ خود بە مەبەستی چۆنیەتی ڕێکخستنی ژیانێکی مرۆیی و سازکردنی ژیارێکی نوێ.

ئامۆژەکانی ئەم کتێبە کەسایەتیی تاک بینا دەکاتەوە و وەک چرایەک ڕێڕەوی شارستانییەتی کۆمەڵگەیەک ڕووناک دەکات. هەروەها زەنگێکە بۆ هەشیارکردنەوەی بەڕێوەبەران کە ئاکامەکەی نزیکتربوونەوەیە لە گەشەسەندن و پەرەسەندن. بەو ڕوانگەیە، ئەم کتێبە تەنیا بۆ خوێندنەوە نیە بەڵکوو ستایلێکی نوێیە بۆ ژیان.

ئەم کتێبە لە سێ بەش پێک هاتووە: گەشەی تاک، بەڕێوەبردنی کۆمەڵایەتی و بنەماکانی حوکمڕانی و بۆ هەر بەشێک چەندین بابەتی سی خاڵی نووسراوە. ئەم کتێبە بۆ ئەو کەسانە گونجاوە کە بیر لە پەرەسەندنی تاک و پێداچوونەوە بە ڕەفتارەکان، باشترکردنی مامەڵە کۆمەڵایەتییەکان و قووڵ بوونەوە لە پایەکانی حکومڕانی دەکەنەوە. ئەم کتێبە پێوەرێکیشە بۆ خۆ هەڵسەنگاندن و چۆنیەتی بیرکردنەوە.