خەبات: ئاشتی شەهباز:- پرۆسەی هەڵبژاردن و چۆنییەتی بەڕێوەچوونی لە سەرئاستی جیهان پرۆسەیەكی دیموكراسییە و بەشدارییەكی گشتییە بۆ دەستنیشانكردنی نوێنەر لە پەرلەمان، هەموو كەس ئەو مافەی پێدەدرێت بە دەنگی خۆی ڕۆڵی لەبەرەوپێشبردنی وڵات لە هەموو ڕوویەكەوە هەبێت ودەنگبدات بە كەسانێك كە خۆی پێیوایە شایستەن. هەرێمی كوردستان خاوەن ئەزموونێكی دوورو درێژە بەبەراورد بە عێراق و هەر هەڕێمی كوردستانیش بوو ڕۆڵی لە سەر پێخستنی عێراقدا هەبوو وەك هێزێكی كاریگەر. ئەزموونی هەرێمی كوردستان دانانی بەردی بناغەی عێراقی ئاسانتر كرد. بۆیە لێرەوە بە گرنگی دەزانین گەنجان و كاسبكاران و هەموو چین و توێژەكانی كومەڵگەی كوردستان ڕؤڵیان هەبێت و ئەم مافەی خۆیان پیادە بكەن بە تایبەت لە هەڵبژاردنێك كە بۆ نوێنەرانی كوردە لە پەرلەمانی عێراق . دەربارەی گرنگیی ئەم دەنگدانە لەم ڕاپۆرتەدا بیرو بۆچوونی چەند گەنج و كاسبكارێكمان وەرگرتووە:

*سەرەتا لەبارەی ئەوەی كە تاچەند گرنگە گەنج دەنگی هەبێت لە پەرلەمان كارۆخ سوارە هادی كە گەنجێكی تەمەن 21 ساڵە و دانیشتووی شاری هەولێرە و لە بنەڕەتدا خەڵكی شارۆچكەی چەمچەماڵە بۆچوونی وایە كە بەشداریی كورد لەم هەڵبژاردنە لە قازانجی كوردە ئەو بۆ خەبات گوتی: من دەنگدانم لە هەولێرە لێرەش لەدایكبووم، تا پۆلی نۆی بنەڕەتیم خوێندووە و ئێسستا خەریكی كاركردنم و وەك كاسبكارێك وگەنجێك بە باشی دەزانم دەنگی كورد زۆر بێت لە پەرلەمانی عێراق، چونكە كورد لە حكوومەت پێگەی خۆی دەبێت. داواكارم لەهەموو خەڵكی كوردستان رۆژی دەنگدان بڕۆنە سەر سندووقەكانی دەنگدان و دەنگ بدەن بەو حزبەی خواستیانە، گرنگ ئەوەیە كورد پێگەی بەهێزبێت و دەسەڵاتی هەبێت لە ناو پەلەمان و حكوومەتی عێڕاقدا.

هەروەها ئەو گەنجە بۆ خەبات گوتیشی: پێویستە هەموو تاكێك بچێت و دەنگ بەو حزب و لایەنە بدات كە دڵخوازییەتی، لەگەڵ ئەوەی حكوومەتی بەغدا هاوكارمان نەبووە، بەڵام بۆ كورد گرنگە لە بەغدا دەنگ و پێگەی خۆی هەبێت وئەو كیانەی هەمانە بمێنێت و بەهێزتر بێت.

*دواتر گەنجێكی ترمان دواند بە ناوی ڕێبین ڕەشاد جەلیل كە تەمەنی 24 ساڵە و لە پۆلی حەوتی بنەڕەتی خوێندنی بەجێهێشتووە ودانیشتووی شارۆچكەی شەقڵاوەیە. ئەو دەڵێت: بۆ كەسابەت وازم لە خوێندن هێناوە، سەبارەت بە پرسیارمان ئایا بەشداریی پرۆسەی دەنگدان گرنگە بۆ كورد ئەو بۆ خەبات گوتی: بەڕای من پێویستە كورد دەنگی بڵند بێت لە بەغدا بۆ داكۆكیكردن لە مافەكانی خۆی، ئەو دەڵێت: گەنجانی هەرێمی كوردستان پێویستە وەك ئەركێك بەشداریی دەنگدان بكەن و دەنگ بەو كەسە بدەن كە لایان پەسەندە و بەنوێنەری خۆیانی دەزانن، سەرۆك بارزانی فەرموویەتی ئێوەی پارتی ئەبێ هەمیشە ئەوەتان لە یادبێت كە ئێوە بۆ خزمەتی كورد و كوردستان دروست بوون.

*یەكێكی تر لەو گەنجانەی لەم ڕاپۆرتەدا قسەی بۆ كردین و بۆچوونی خۆی لەسەر گرنگیی بەشداریكردن لە هەڵبژاردن بۆ خستینە ڕوو، جومعە ئەنوەر محەمەدە. لە دایكبووی ساڵی 2002 خەڵكی شاری كەركووكە و دانیشتووی قەزای بنەسڵاوەیە.

لە تەمەنی نۆ ساڵییەوە خوێندنی بەجێهێشتووە وكاسبكارە، كاری بەردەستی دەكات لە سناعەی باشوور ئەو بۆ خەبات گوتی: كاتی خۆی ماڵی ئێمە و ماڵی باپیرەم ڕاگوازراوین بۆ هەولێر لە بنەسڵاوە، ئێمە بەهۆی دەربەدەری و هەژارییەوە ئازاری زۆرمان چێشتووە و مافمان هەمیشە پێشێلكراوە لەلایەن حكوومەتی عێراق، ئێستاش هەتا لاواز بین لاوازترمان دەكەن. بۆیە بەشداریكردنی كورد لە پەرلەمانی عێراق گرنگە و پێویستە، بۆ ئەوەی نوێنەرانی كورد بتوانن داكۆكی لە گەلەكەیان بكەن و شەڕ لەسەر مافەكانی خەڵك بكەن دەبێت هەموومان بەشداریبكەین.