نێچیرڤان بارزانی بە دەنگێکی دلێر لەناو خەڵکی شاری سلێمانییەوە ڕایگەیاند: ئێمە قەرزاری سلێمانین و کاتی ئەوە هاتووە بەشێک لەو قەرزە بدەینەوە، خەڵکی ئەم دەڤەرە شایەنی ئەوەن زیاتریان بۆ بکرێت.

 ئەمڕۆ یەکشەممە بە ئامادەبوونی سەدان کەس لە سلێمانی کەرنەڤاڵی جەماوەری پشتیووانی لە لیستی 275 پارتی دیموکراتی کوردستان بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی بەڕێوەدەچێت.

 نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: : لەم دەڤەرە دژایەتییەکی زۆر بە پلان بەرامبەر بە پارتی کراوە، پارتی بە کار و ئاوەدانی و پڕۆژە وەڵامی دژایەتییەکان دەداتەوە، ئێستا داوا لە خەڵکی سلێمانی و هەڵەبجە دەکەین دەرفەت بە پارتی بدەن بزانن چ ئاوەدانییەک دێتە ناوچەکە.

– داواتان لێدەکەم بۆ ئەوەی کوردستان بەهێز و ئاوەدان بێت دەنگ بدەن بە پارتی دیموکراتی کوردستان، : پارتی هێزی ڕاستەقینە و سەنگی کوردستانە لە بەغدا، ئێمە دەنگی هەموو ئەوانە دەبین کە سەقامگیری و ئاوەدانییان دەوێت.

– ئەم ناوچەیە خاوەنی سامانی سرووشتی و ئاو و ناوچەی گەشتیاریی زۆر جوانە، بەڵام خزمەتی دەوێت، دەنگ بدەن بە ئاوەدانی و پێشکەوتن و کوردستان پارێزی پارتی.

– هەرگیز پارتی و سلێمانی لە یەک دانەبڕاون و هەرگیزیش لە یەک دانابڕێن، ئەوەش بزانن هیچ گەڕەکێکی سلێمانی نییە کە قارەمانێتی پێشمەرگەیەکی پارتی تێدا تۆمار نەکرابێت.