دوانیوه‌ڕۆی ئەمڕۆ شه‌ممه 1ی تشرینی دووەمی 2025 له شاری دهۆک، سه‌رۆک مه‌سعود بارزانی له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌كانی ده‌زگای ئه‌یلوول و گوڵان و زیندانییانی سیاسیی سنووری پارێزگای دهۆک كۆ بووه‌وه.
سه‌رۆک بارزانی وتارێكی پێشكه‌شی ئاماده‌بوان كرد و سه‌ره‌تا سوپاسی خۆڕاگری و خه‌بات و ماندووبوونی ئه‌وانەی له شۆڕش و به‌رخودان و زیندانه‌كاندا كرد و گوتی: “ئه‌و ئازادی و ده‌ستكه‌وتانه‌ی ئێستا له فه‌زڵی خوا و خوێنی شه‌هیدان و فرمێسكی دایكی شه‌هیدان و ڕه‌نج و ماندووبوونی ئێوه‌یه، بۆیه كه له‌گه‌ڵ ئێوه دانیشتووم، هزر و بیرم ئاسوده‌یه.”
سه‌رۆک بارزانی كورته‌یه‌كی له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ڕابردووی هه‌رێمی كوردستان و هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق و قۆناغه‌كانی ئه‌و هه‌ڵبژاردنانه خسته‌ڕوو. هەروەها باسی نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری عێراق و پابەندنەبوون به ده‌ستوور له لایه‌ن به‌غداوه و سه‌رهه‌ڵدانی كێشه‌كانی كرد به تایبه‌تیش له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا.
پوخته‌یه‌كیشی له‌باره‌ی مێژووی زوڵم و سته‌م و جینۆساید به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی كوردستان بۆ ئاماده‌بوان باس كرد و گوتی: “به هه‌موو شێوازێک وڵاتی ئێمه‌یان وێران كرد و ئێمه‌ش له‌م چه‌ند ساڵه‌ی ڕابردوو هه‌وڵێكی زۆرمان دا بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه و پێشخستنی كوردستان و ئه‌م هه‌وڵانه بێجگه له‌وه‌ی ئاسته‌نگی زۆریان له‌به‌رده‌مدا دروست كرا، به‌ڵام له‌سه‌ر كاركردن بۆ خزمه‌ت و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی كوردستان هه‌ر به‌رده‌وام بووین و به‌رده‌وامیش ده‌بین، ئێستاش ئاسته‌نگ زۆرن و پیلانیش هه‌ن كه ئێمه رابگرن، به‌ڵام پشتیوان به خوا و به میلله‌تی خۆمان هه‌ر به‌ردەوام دەبین.”
سه‌رۆک بارزانی به ئاماده‌بوانی راگه‌یاند: “وه‌ک چۆن له رابردوودا له سه‌نگه‌ره‌كاندا شه‌ڕی قاره‌مانانه‌تان كرد، ئێستاش شه‌ڕێكی مه‌زن له ئارادایه كه ده‌یانه‌وێت كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان به پیلانی جۆراوجۆر هه‌ڵته‌كێنن و نائومێدی بكه‌ن، به تایبه‌تیش له رێگه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی مادده‌ی هۆشبه‌ر، له هه‌ڵبژاردنیش ده‌بێت به هه‌مان ڕۆحیه‌تی به‌رخودانی سه‌نگه‌ر كار بۆ سه‌ركه‌وتن و نیشاندانی سه‌نگی پارتی بكه‌ن.”
هه‌روه‌ها سه‌رۆک بارزانی جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه “ده‌بێت خۆمان هه‌بین و چاوه‌ڕێی كه‌س نه‌بین، هه‌ر بۆ نمونه؛ چه‌ندین جار كوردستان كه‌وته به‌ر هێرش و په‌لاماری زۆر مەترسیدار، ته‌نیا پێشمه‌رگه پارێزگاری له خاک و میلله‌ت كرد.”
سه‌باره‌ت به دۆخی ناوخۆش، سه‌رۆک بارزانی گوتی: “پڕۆژه‌ی زۆر مه‌زن ئه‌نجام دراون و پڕۆژه‌ی مه‌زنتریش له به‌رنامه‌دا هه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی میلله‌تی ئێمه پشت به خۆی ببه‌ستێت، له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییشدا به كرده‌وه ئه‌وه سه‌لمێنراوه كه زۆربه‌ی پڕۆژه‌كانمان به ده‌ستوپه‌نجه‌ی ناوخۆیی به شێوازێک و ئاستێكی زۆر به‌رز ئه‌نجام دراون، بۆیه ئێمه پشتمان به میلله‌تی خۆمان و پێشمه‌رگه گه‌رمه و له ژێر هیچ فشارێک سازش له‌سه‌ر مافه‌كانی خۆمان و مه‌بده‌ئه‌كانی خۆمان ناكه‌ین.”










