سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پڕۆژەی دووسایدی (هەولێر – كۆیە)ی بەسەر كردەوە و ڕایدەگەیەنێت: “ئەمەش بەڵێنێكی ترە كە بە خەڵكمان دابوو و جێبەجێی دەكەین.”
ئەمڕۆ پێنجشەممە 23/10/2025، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دوای كردنەوەی پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە و دەوروبەری، سەردانی پڕۆژەی دووسایدی (هەولێر – كۆیە)ی كرد و پڕۆژەكەی بەسەر كردەوە، هەر لەوێ ڕایگەیاند: “بێگومان پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە، كاریگەریی زۆری دەبێت لە گەیاندنی خزمەتگوزاری و دابینكردنی ئاوی پاك بۆ هاووڵاتیان، لە هەمان كاتدا سوودی بۆ ئاوی بیرەكان و پاراستنیان هەیە، هیوادارم تا 30 ساڵی دیكە قەیرانی ئاو لە هەولێر و دەوروبەری نەمێنێت، ئەمەش ئەو بەڵێنە بوو كە بە خەڵكمان دابوو و شوكر بۆ خودا جێبەجێمان كرد.”
سەرۆكی حكوومەت لەبارەی پڕۆژەی دووسایدی (هەولێر – كۆیە)ەوە، گوتی: “ئەمەش بەڵێنێكی ترە كە بە خەڵكمان دابوو ڕێگای هەولێر – كۆیە بە كوالێتییەوە بكەین بە دووساید، ئێستاش لەلایەن كۆمپانیای ناوخۆییەوە جێبەجێ دەكرێت، توانیواینە لەپێش وادەی خۆیدا كارەكان بەڕێوە ببەن، ئەمەش بەشێكە لەو خزمەتگوزارییانەی خەریكین جێبەجێیان دەكەین.”
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەت، هەروەها دەستخۆشی لە سەرپەرشتیار و ئەندازیار و کرێکارانی پڕۆژەی دووسایدی هەولێر – كۆیە کرد، دووپاتیشی کردەوە کە پێویستە لە کاتی خۆی و بە باشترین شێوە تەواو بکرێت.
دووسایدی هەولێر – کۆیە پڕۆژەیەكی ستراتیژی و گرنگی ڕێگەوبانی سنووری پارێزگای هەولێرە، بە گوژمەی 560 ملیار و 443 ملیۆن دینار، لەلایەن كۆمپانیاى ئاوزان بە درێژيی 37 كیلۆمەتر كاری تێدا دەكرێت و ڕێگەکە، سێ لەین ڕۆیشتن و سێ لەین هاتنە، پانی هەر لەینێکی 12مەترە، هەروەها 6 ئۆڤەر پاس، 5 ژێرپرد و پردێکی گەورەی بە درێژیی 250 مەتری تێدایە، جگە لە دروستکردنی 160 ئاوبڕی کۆنکرێتی.










