هەر كەسێك گەورەكەی زەلیل بوو، ئەویش زەلیلە

246

فازڵ میرانی
لەمێژە شیعرێکی (تەرەفەی کوڕی عەبد)ـم خوێندۆتەوە، كە یەكێك لە شاعیرانی پێش ئیسلامە و زاناییەكی ناسراوی سەردەمی خۆی بووەو لە هەڕەتی گەنجێتیدا کوژراوە. لە بەیتە شیعرێكی قەسیدەكەیدا، كە پڕاوپڕە له‌ حیکمەت و دانایی، تەرەفەی كوڕی عەبد دەڵێت:

واعلم علما لیس بالظن
اذا ذل مولى المرء فهو ذليل.
واتا: (بە دڵنیاییەوە دەزانم و هیچ گومانم نییە، ئەگەر گەورەی كەسێك زەلیل بوو، ئەویش زەلیل دەبێت)، بەیتە شیعرەكە خۆی، ڕوونكردنەوەیەكی جوان بۆ خۆی دەكات: گەورەی مرۆڤ، خزم یان هاوپەیمانەكەیەتی، ئەم دوو واتایەش لە ماناکانی دیكەی وشەی (گەورە)ـن، كە ئەگەر زەلیلیی بەسەر یەكێكیاندا هات، بێگومان زەلیلیی بەسەر ئەوی دیكەشدا دێت، ئەوەی تەرەفەی كوڕی عەبد باسی دەكات، گلەییەك بووە و سەرزەنشتی زاواکەی خۆی كردووە، چونكە شیعرێكی تەرەفەی بە ئەنقەست و بەدەستكارییەوە گەیاندۆتە پادشا عەمری كوڕی هیند و قابوسی برای، كە تەرەفە لە شیعرەكەدا هەجووی پادشای كردبوو، هەڵبەت ئەوەش لە هەڵماڵینی ڕاستییەكی سیاسی و كۆمەڵایەتی بەدەر نییە، چونكە پێشتریش فەرمانڕەوای (الحیرە) بە ئەنقەست شاعیری پشتگوێ خستبوو، ئەو پەراوێزخستنەش وای لە تەرەفە کردبوو، لە بەیتە شیعرێكی تونددا ئومێدی ئەوە بخوازێت، خۆزگە لەبری پادشا (الرغوث)ـێكیان هەبووایە.

فلیت لنا مكان الملك عمرو
رغوثا حول قبتنا تخور.
الرغوث (زاراوەیەکی عەرەبییە، بە وشتر و مەڕی شیردەر دەگوترێت)، شاعیر لە بەیتە شیعرییەكەدا پێی وابووە شیری وشتر سوودێکی زۆرتری هەبووە لە پادشا. ئینجا تەرەفەی شاعیر هەجووەكەی لەسەر دەسەڵاتی پادشا بە داشۆرینی براگەورەی پادشا تەواو دەكات و دەڵێت:

لعمرك ان قابوس بن هند
لیخلط ملكه نوك (حماقة) كثیر.
واتا: (بە گیانی تۆ، شانشینییەكەی قابوسی کوڕی هیند، لەگەڵ گەمژەییەكی زۆر زۆر تێكەڵاو بووە).
بۆ ئەوەی هەموو لایەنەكانی ئەم چیرۆكە باس بكەین، «چونكە ڕەهەندێكی سیاسی هەیە»، پێویستە ئاماژە بەوە بکەین، کە تەرەفەی كوڕی عەبد لەبارەی زاواکەیەوە گوتوویەتی، زاواكەشی بە بەخشندەیی و هاودەمیی پادشا ناسرا بوو، هەرچەندە بە پیاوی خاوەن هەڵوێستیش دانەدەنرا. تەرەفە دەڵێت:

ولا خیر فیه غیر ان له غنی
وان له كشحا اذا قام اهضما.
واتا: (هیچ خێرێکی پێوە نییە، تەنیا ئەوە نەبێت کە دەوڵەمەندە و کاتێکێش هەڵدەستێتەوە لە ئافرەتێكی شل و شلۆق دەچێت)، دواتر، ڕۆژێکیان پادشا و زاواكەی شاعیر لە ڕاودا پێكەوەبوون، زاواکەی شاعیر نەیتوانیووە نێچیرێك سەرببڕێت، لەو كاتەشدا پادشا ستایشی بەیتە شیعرەكەی تەرەفە دەكات، كە تیایدا سەرزەنشتی زاواكەی كردبوو، دیارە ئەویش بەو بەیتە شیعرەی تەرەفە وەڵامی پادشا دەداتەوە، كە تیایدا سەرزەنشی براكەی پادشای كردووە، ئیدی دوای ئەوە تەرەفەی شاعیر بە فەرمانی پادشا کوژرا.

ئەم دەقە، کە لەم چیرۆکەوە سەری هەڵداوە و سەرچاوەکانی مێژووی ئەدەبیی پشتڕاستیان كردۆتەوە، قووڵیی بیركردنەوەی دەسەڵاتداران و سرووشتی زۆرینەی دەستوپێوەندەكانیان ئاشکرا دەکات، هەروەها ناڕەزایەتی و یاخیبوونێکیش دەردەخات، کە چەندین جۆر و شێوازی هەیە، یەکێک لەم شێوازانەیش شیعرە، كە ڕەنگە هەندێجار خاوەنەکەی بە کوشتن بدات.

ئەم چیرۆکە لە زووەوە وێنایەكی سرووشتی سەبارەت بە ڕابردووییەكی دوور پێداوم، لەبارەی چۆنیەتی حوکمڕانی و چۆن فەرمانڕەوا خۆی دروست دەکات، لەبارەی ئەوەی چۆن حوكم دەكرێت و نابێ حوكمڕان چی بكات، چونكە حوکمڕان نابێ یاسایەک دابڕێژێت، كە خەڵك باجەكەی بدات و خۆیشی بەرەو وێرانبوون ببات، هەروەها ئەم چیرۆکە چەندین دەرگای بەڕووی مێژووی تێگەیشتن لە سیاسەت و کۆمەڵگە و زماندا بۆ كردمەوە، كە چۆن ئەو دەقە بەڵگەدارە زارەكییانە دەبنە سەرچاوەی ئەوەی خەڵک بەمجۆرە بتبینێت، كە هەیت.

چیرۆکەکە بە گشتی لە نێوان ستەمکاریییەكی بەردەوام و لاوازیی هاوەڵەكان دەخوولێتەوە، كە چۆن بەبێ پچڕان لاوازیی و خراپەكاری هاوەڵەکان بە فراوانی بڵاودەبێتەوە و هاودەمیی و نزیكایەتییەكەی خۆیان بە مەبەستی تۆڵەكردنەوە بەكار هێناوە، تەرەفەی کوڕی عەبد بەم دێڕە شیعرە کاریگەرە، وێنەیەکی ڕاستگۆیانەی دروست کردووە، کە کاری لە من و کەسانی دیکەش کردووە و لە واتاکەی تێگەیشتوون، تەنانەت ئەگەر دێڕە شیعرەکەشیان لەیاد نەمابێت.
اذا ذل مولى المرء فهو ذليل.
(ئەگەر گەورەی كەسێك زەلیل بوو، ئەویش زەلیل دەبێت).
شكۆی گەلەکەمان یەکێک بوو لەو شتە گرنگانەی، کارمان بۆ پاراستنی لە ستەمی زنجیرەیەک دەسەڵات و حوکمڕان كردووە، ئەو دەسەڵاتانەی یاساکانی سرووشت و گرێبەستە کۆمەڵایەتیییە پتەوەكانیان شکاند، کە شكۆی مرۆڤیان دەپاراست، چونکە قبوڵکردنی ئەو ستەمە، قبوڵکردنی زەلیلیی خۆمان بووە، جارێكیان بارزانی گوتی: «تەعەددا لە كەس مەكەن و تەعەدداش لە كەس قبوڵ مەكەن»، ئامۆژگارییەکەی بە ڕەهایی ئاراستەی هەمووان بوو، بۆ ئێمە و ئەوانی دیکەش، حوکمڕان و ئەوانەی حوكمڕانییان بەسەردا دەكرێت، چونكە ئەوەی تەعەددا نەكات، تەعەدداش قبوڵ ناكات، ئەوەیش وای لێ دەكات ببێتە حەكیم، ئینجا ئەو حەكیمە تاكێكی ئاسایی بێت یان كەسێك، كە بەرپرسیارێتی خزمەتكردنی خەڵكی پێ سپێردراوە و ناشبێتە یارمەتدەری نادادپەروەری، بەڵکو وەك تەرەفەی كوڕی عەبد ناڕازی دەبێت و بەهەر شێواز و ئامرازێك بێت دژایەتی خۆی بۆ زێدەڕەویی و ستەمكاری دەردەبڕێت.

به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕیی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان
و: لە عەرەبییەوە: سەردار حوسێن