سهرهتا وتار پارتی.. نوێنگەی ئاوەدانی بۆچی بەغدا لە گەشەسەندنی هەرێمی کوردستان ناڕازییە
موحسین خالیدی
لەکاتێکدا هێشتا عێراق ڕووبەڕووی کێشەی درێژخایەن لە بواری خزمەتگوزاریی گشتی و گەندەڵی و قەیرانی سیاسیدا دەبێتەوە، هەرێمی کوردستان بە ئاڕاستەیەکی جیاوازدا دەڕوات، هەر لە پڕۆژەکانی ژێرخانەوە تا سەقامگیریی ئەمنی و ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی. بەوەش هەرێمی کوردستان، وێنەیەکی ڕێکخستن و گەشەکردن و هیوا پێشکەش دەکات، کەچی بەغدا پێشوازی لەم پێشکەوتنانە ناکات. بۆچی پایتەخت لە گەشەسەندنی هەرێم ڕازی نییە؟
عەقڵییەتی مەرکەزی؛ میراتێک لە بەغداوە
عەقڵییەتی زاڵ لە بەغدا هێشتا بە بیرکردنەوەی مەرکەزیی تەقلیدی بەڕێوەدەچێت. هەر لە پاشایەتییەوە تا سەردەمی بەعس و دواتر، حکوومەتی ناوەند خۆی بە ناوەندی ڕەهای بڕیاردان دەزانێ و هەر چەشنە سەربەخۆیییەکی کارگێڕی بە هەڕەشە لەسەر خۆی لە قەڵەم دەدات، ئەمڕۆ کە هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی حوکمڕانی ناوخۆیی خۆیەوە، سەقامگیری و گەشەسەندنی بەدیهێناوە، بەغدا ئەم پێشکەوتنە نەوەک نیشانەی سەرکەوتنی عێراقی فیدڕاڵ، بەڵکوو وەک هەنگاوێک بۆ دوورکەوتنەوە لە ناوەند دەیبینێت.
ترس لە بە مۆدێلبوونی هەرێمی کوردستان
پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە بوارەکانی خزمەتگوزاریی شارستانی و وەبەرهێنان و گەشتوگوزاردا، پرسیارێکی قورسی بۆ هاووڵاتییانی دیکەی عێراق هێناوەتەئاراوە: “ئەگەر بتوانرێت هەرێم بەو شێوە باشە بەڕێوە ببرێت، ئەی بۆچی پارێزگاکانی تر ناتوانن؟” لە ڕاستیدا هەرێم بووەتە مۆدێلێک بۆ زۆرێک لە پارێزگاکانی عێراق و نیشانی دەدات کە حوکمڕانی لامەرکەزی لە سیستەمی تەقلیدی و ناکاریگەری بەغدا کاریگەرترە. ئەم بەراوردکردنە بۆ فەرمانڕەوایانی ناوەند وەک مەترسییەک سەیردەکرێت.
ئابووری؛ بواری کێبڕکێ و ئیرەیی
ئابووریی هەرێم، لە ڕێی فرۆشتنی نەوتەوە تا ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی و خۆشگوزەرانی هاووڵاتییانی، پێگەی خۆی لەسەر ئاستی ناوچەکە بەهێز کردووە. لە کاتێکدا بەغدا بەدەست گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردنەوە دەناڵێنێت، هەرێمی کوردستان توانیویەتی وێنەیەکی ئابووریی ڕێکخراوتر و پارێزراوتر پێشکەش بکات. ئەم جیاوازییە وایکردووە حکوومەتی ناوەند لەڕێی گوشاری دارایی یان سیاسی کاردانەوەی هەبێت. بە چەشنێک، هەر کاتێک هەولێر بەرەو خۆبژێوی هەنگاو دەنێت، کێشە بۆ ناردنی بودجە و تەنانەت هەناردەکردنی نەوتیش دروست دەکات. بە واتایەکی سادە، پێشکەوتنی هەرێم، لاوازیی بەغدا دەردەخات.
سیاسەتی سەربەخۆیی و هاوسەنگی سەرکردایەتیی پارتی
سەرکردایەتیی پارتی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، بە سیاسەتێکی هاوسەنگ و دیپلۆماسی توانیویانە پەیوەندیی بنیاتنەر لەگەڵ تورکیا و وڵاتانی کەنداو و ڕۆژئاوا دابمەزرێنن. ئەم سەربەخۆیی بەڕێوەبردن و متمانەی نێودەوڵەتییە بەلای بەغداوە پەسەند نییە، چونکە سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە هەرێم دەتوانێت بەبێ پشتبەستن بە حکوومەتی ناوەندی، بە گەشەپێدان و دیپلۆماسی پێشبکەوێت.
ڕەهەندی سایکۆلۆژی
بە گەڕانەوەیەکی خێرا بۆ مێژوویەکی نە زۆر دوور، ئەو ڕاستییەمان بۆ ئاشکرا دەبێ کە ئەم ئیرەیی پێبردن و دژایەتییە، ئاستێکی قووڵتری هەیە و کێشەکە تەنیا سیاسی نییە. بۆ هەندێک لە لایەنە توندڕەوە سیاسی و ئایینییەکانی بەغدا، ئاسان نییە شاهیدی پێشکەوتنی هەرێمێک بن کە پێشتر بە “پەراوێز”یان دەزانی، بۆیە هەر پڕۆژەیەکی گەشەپێدان یان گەشەی ئابووری لە هەرێمی کوردستاندا، لە بەغدا وەک کێبڕکێ یان تەنانەت هەڕەشە سەیر دەکرێت نەک دەستکەوتێکی نیشتمانی.
داهاتوو.. لەنێوان پێویستی و بێ متمانەیی
لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، ئەو بابەتە حاشاهەڵنەگرە کە لە ئێستادا، بەغدا و هەولێر سەرەڕای ناکۆکییەکانیان، پێویستیان بە یەکتر هەیە. بەغدا بۆ سەقامگیریی ئەمنی و ئابووریی وڵات، پشت بە هاوئاهەنگیی هەرێمی کوردستان دەبەستێت، هاوکات هەرێمیش بۆ سوودوەرگرتن لە سامانی نیشتمانی و شەرعییەتی یاسایی، ناچارە وەک قووڵایی ستراتیژی، چاوی لە بەغدا بێت، بەڵام تا ئەو کاتەی عەقڵییەتی مەرکەزییەتی تەقلیدی لە بەغدا بەردەوام بێت، پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان، هەمیشە گومان و ناڕەزایی لەگەڵدا دەبێت.
ئەنجام
گەشەسەندنی هەرێمی کوردستان ڕەنگدانەوەی ئیرادە و بەڕێوەبردنی سەقامگیرە، لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم سەرکەوتنانە ناکارامەیی بەغدای دەرخستووە، کەچی لەجیاتی ئەوەی ئەم ئەزموونە بکەنە ڕێنیشاندەر بۆ خۆیان، حکوومەتی ناوەند لە ڕوانگەی کێبڕکێوە لێی دەڕوانێت. سەرەنجام ناڕەزایی بەغدا لە پێشکەوتنی هەرێم نیشانەی دەسەڵاتداری نییە، بەڵکوو نیشانەی ناکارامەیی پێکهاتەی سیاسیی عێراقە لە قبووڵکردنی سەرکەوتنی ئەوانی دیکەدا.