نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر بەشداریی لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی عێراق کرد و داوای لە لایەنگرانی حیزبەکەی کرد، “دەنگی پارتی لەم هەڵبژاردنەدا بگەیێننە یەک ملیۆن دەنگ.”
هەروەها جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان داوای لە لایەنگرانیان کرد، کوردستانیبوون رێبازیان بێت، “ئێمە وا فێرکراوین کوردستانیبوون رێبازمانە و پێکەوەژیانیش پەیامی ئێمەیە.”
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوە کردەوە، لایەنگرانیان بە پاڵپشتییان دەنگی حیزبەکەیان بگەیێننە یەک ملیۆن دەنگ، گوتیشی، “بە دڵنیاییەوە ئەمجارە پارتی خاوەنی یەک ملیۆن دەنگە.”
نێچیرڤان بارزانی پەیامێکی ئاراستەی گەنجان کرد و گوتی، “پارتی حیزبی گەنجانە، قەڵغانی پاراستنی کوردستانە.”
گوتیشی: ڕێکخراوەکانی قوتابیان و لاوان و ئافرەتان، قوتابخانەی زۆر لە سەرکردەکانی ئەمڕۆی کوردستانن؛ ئێوە بە پارتایەتی و کاری دڵسۆزانە بۆ گەل و نیشتمان، ڕێگەتان دروست و بە دڵنیاییەوە ئایندەی ئێوەش گەشە، ئایندەی پارتیش بە دڵسۆزی و پشتیوانی ئێوە گەشە.
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەیدا، پارتی بۆ داهاتووی خۆی چاوی لەم گەنجانەیە کە داینەمۆی ڕێشەیی بەڕێوەبردنی هەر حزبێکن، هەربۆیە پارتی چاوی لەوەیە لە هەموو هەڵبژاردنەکان و هەموو ئەو قۆناغانەی دێنە پێش بە گڕوتینێکی زیاتر لە جاران پارتەکەی خۆیان سەربخەن و دڵی دۆستان شاد و دڵی ناحەزانیش بێئومێد بکەن.
گوتیشی: منیش لە ڕێکخراوی قوتابیان و لاوانەوە دەستم پێکرد و گەیشتنیە ئێرە، دڵنیام ئێوەی ڕێکخراوەکان بەهێز دەبن، ئێوە هێزی تایبەت و نوێی پارتین، هەربۆیە لیستی 275ـی پارتی ئەمجارە بەهێزی ئێوەی ڕێکخراوەکان و پەنابەخوا دەبێت لیستی یەک ملیۆنی.
نێچیرڤان بارزانی گوتی: ئاشتی ھێزە و پارتی بە ئێوە بەھێزە، پارتی ئاشتیخوازترین حزبی کوردستانە، پێویستە ئەم ھەڵمەتی ھەڵبژاردنەش زۆر ئاشتیخوازانە بەڕێوە بچێت، وەڵامی کەس مەدەنەوە، دژی کەس مەبن، پارتی دەیەوێت کوردستان لە ئاستی ئێستا بگەینێتە ئاستێکی گەورەتر، خواستی پارتی زۆر گەورەترە لەوەی کە خەڵکی دیکە خواستیەتی، خواستی پارتی ئاوەدانییە، دەیەوێت کوردستان ببات بۆ قۆناغێکی پێشکەوتووتر و گەشەسەندووتر و ئاوەدانتر، لەبەر ئەوە، بەرپرسیارێتی ئێوە گەورەترە لە ھەموو حزبەکانی تر.
لەبارەی پێداگریی پارتی لە چەسپاندنی مافەکانی کورد لە دەستووری عێراق و کێشەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی گوتی: پارتی دەیەوێت دەستووری عێراق جێبەجێ بکات، ساڵی 2005، زیاتر لە 80%ی خەڵکی عێراق دەنگییان دا بە دەستووری عێراق، زێدەڕۆیی ناکەم ئەگەر بڵێم، ئەگەر سەرۆک بارزانی لەو کاتەدا لە بەغدا نەبووایە و پێداگری نەکردبایە لەسەر ھەندێک مافی کە ئێستا لەناو دەستووردا بۆ ھەرێمی کوردستان دەستەبەر کراوە، قەناعەتتان ھەبێ بە بێ زێدەڕۆیی کردن، ئەوەش نەدەکرا، ئەوەی کرا، پێداگریی سەرۆک بارزانی بوو مافەکانی ھەرێمی کوردستان دەستەبەربکرێت لەناو دەستووردا.









