بارەگای بارزانی، لە پەیامێكیدا، بە توندی سەركۆنەی تیرۆركردنی سەفا مەشهەدانی كرد، كە ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا و كاندیدی هاوپەیمانیی ئەلسیادەیە، دەشڵێ: “کردەوەی لەمجۆرە، هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتەوایی و سەقامگیریی کۆمەڵگە و پێویستە ئەنجامدەرانی ئەم کردەوەیە ئاشکرا بکرێن و ڕادەستی یاسا بکرێن.”

ئەمەی خوارەوە، دەقی پەیامی بارەگای بارزانییە..

بە ناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بە توندی سەرکۆنەی تیرۆرکردنی سەفا مەشهەدانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا و کاندیدی هاوپەیمانیی (السيادة) دەکەین، کە دوێنێ شەو بە هۆی تەقینەوەی بۆمبێک لە شاری بەغدا، گیانی لەدەست دا.

وێڕای ئەوەی سەرەخۆشی لە خانەوادە و کەسوکاری سەفا مەشهەدانی و هاوپەیمانێتیی ئەلسیادە و بەڕێز خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانێتییەکە دەکەین، ڕاشیدەگەیێنین، کە کردەوەی لەمجۆرە، هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتەوایی و سەقامگیریی کۆمەڵگە و پێویستە ئەنجامدەرانی ئەم کردەوەیە ئاشکرا بکرێن و ڕادەستی یاسا بکرێن.

بارەگای بارزانی
15ی تشرینی یەکەمی 2025