وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕوونکردنەوەیەکدا دەڵێ: هەرێم رووبەڕووی قەیرانی سووتەمەنی نەبووەتەوە. هەندێ كەناڵ و پەیجەکانی سۆشیال میدیا، پرسی راستگۆیی و پیشەیی بۆ بانگەشەی راگەیاندن بەكار دەهێنن و دەیانەوێت بە بڵاوکردنەوەی چەواشەكاری، بیروڕای گشتی بەلاڕێدا ببەن.
دەشڵێ: لە دو هەوڵیاندا، دیدارێكی كەمال محمد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەكان بە (وەكالەت) لە كەناڵی ئاڤا نیوز، بە بێ ئەوەی ئاماژە بە سەرچاوەكەی بدەن، بابەتەكەیان بڵاو كردووەتەوە و لە مانشێتی بابەتەكەدا باسیان لە (قەیرانی سووتەمەنی لە هەرێمی کوردستان) کردووە.
ئاماژەى بەوەش داوە: وەزیری سامانە سروشتییەكان تەنیا باسی ئەوەی كردووە پشكی هەرێم بۆ ناوخۆ كەمە و وەزارەت هەموو هەوڵێك دەدات بۆ ئەوەی بەنزین و سووتەمەنیی زیاتر دابین بكات و بە هیچ شێوەیەك باسی قەیرانی سووتەمەنیی نەكردووە، كەچی ئەوان باسیان لە قەیرانی بەنزین و سووتەمەنی کردووە، لە كاتێكدا بە هیچ شێوەیەك هەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی قەیرانی بەنزین و سووتەمەنی نەبووەتەوە و نابێتەوە.