سیاسەتمەدارێكی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت كە خەڵكی كوردستان هۆشیارە و دەزانن كە كام حزب پارێزگاریی لە بەرژەوەندییەكانیان دەكات، بۆیە لەم هەڵبژاردنەدا دەنگ و كورسیی پارتی لە هەڵكشاندایە.
عارف روشدی، سیاسەتمەدار، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردەوە، خەڵكی كوردستان ئەمڕۆ لە هەر كاتێكی دیكە هۆشیارتر و هەستیارترە و لە هاوكێشەی سیاسیی نێوخۆی كوردستان، عێراق و ناوچەكە ئاگادارە و دەزانێت كام حزب و هێزی سیاسی پارێزگاری لە بەرژەوەندییەكانی دەكات.
ڕوونیشی كردەوە، ساڵانێكە هەندێك لایەن لە ئاستی ستەمكارییەكانی بەغدا نەك بێدەنگن، بەڵكوو وەك سەپانی ستەمكاران پاساویان بۆ پێشێلكارییەكانیان دەهێنایەوە و خۆزگەیان دەخواست بارودۆخی هەرێمی كوردستان قورستر بێت، بەڵام سوپاس بۆ خوا بە خۆڕاگریی گەلەكەمان رابەرایەتیی سەرۆك بارزانی و پارتی، ستەمكاران نوشوستیان هێنا و ئەو لایەنانەی ناوخۆش كە سەپانی ستەمكاران بوون، ”ئۆینبازییەكەیان ئاشكرا بوو، بۆیە لەم هەڵبژاردنەدا باریان لار دەبێت، تەنانەت ناتوانن سەرنجی ئەندام و هەوادارانیشیان بۆ لای لیست و بەربژێرەكانیان رابكێشن.“
عارف روشدی ئەوەشی خستووەتە ڕوو كە خەڵكی كوردستان خوازیاری ژیان و خزمەتكردنن نەك وتاری رەشبینی و كردەوەی هەرزەكارانە، بۆیە كاتێك دەبینن سیاسەتی ستەمكارانەی بەغدا بێ ئاكام بوو، بەڵكوو كاروانی خزمەتگوزارییەكان و ئاسایش و سەقامگیری لە هەموو شار و شارۆچكەكانی كوردستان لە برەودایە، ”بە دڵنیاییەوە وەك دەرئەنجامێك، دەنگ و كورسیی پارتی وەك نوێنەری راستەقینەی ئامانجەكانی خەڵكی كوردستان بەرەو هەڵكشان دەچێت، ئەوانەشی كە نوێنەرایەتیی ناسەقامگیری و شڵەژان و خۆڕادەستكردن دەكەن، بەرەو داكشان و پووكانەوە دەچن.“