وەک دیارییەکی سەرۆک بارزانی بۆ ھاووڵاتییانی ھەڵەبجەی شەھید و لەسەر ئەرکی جەنابیان پارکێکی شایستە لە ھەڵەبجە دروست دەکرێت.
بە پێی نووسراوێکی سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار کە لە ڕێکەوتی ٦ـی تشرینی یەکەم دەرچووە و واژۆی ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی بەسەرەوەیە، لە پێناو بەرژوەندیی گشتی و زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی و پاراستنی ژینگەی پارێزگای ھەڵەبجە، وەک دیارییەکی سەرۆک بارزانی بۆ ھاووڵاتییانی ئەم پارێزگایە، پارکێک دروست دەکرێت.
لە نووسراوەکەدا داوا لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار کراوە، بۆ دروستکردنی پارکێکی شایستە لەسەر ئەرکی سەرۆک بارزانی، لە سنووری ھەڵەبجە، ڕێکاری پێویست بگیرێتە بەرد و بۆ ئەم مەبەستە کاری پێویست ئەنجام بدرێت بە دەستنیشانکردنی شوێنێکی گونجاو و ئامادەکردنی دیزاین و دەرخستەی پێویستی پڕۆژەکە.
