ئەمڕۆ سێشەممە 7/10/2025 ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە عەممار ئەلحەکیم سەرۆکی ڕەوتی نیشتمانیی حیکمە کرد.

تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوە تایبەت بوو بە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ, لەمبارەیەوە بە گرنگییەوە ئاماژە بە ڕێککەوتنی سێ لایەنەی ئەم دواییە و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان درا و هاوڕابوون لەسەر ئەوەی پێویستە ئەم ڕێککەوتنە، ببێتە دەستپێکێک بۆ ڕێککەوتن لە سەر دەرکردنی یاسای تایبەت بە نەوت و گاز.

چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کەرتە جۆراجۆرەکاندا ، بە تایبەتی پڕۆژەی ڕووناکی و دابینکردنی کارەبای بەردەوام و کاراکردنی سیستەمی بانکی و پڕۆژەی (هەژماری من)، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.

سەرۆکی حکوومەت ئامادەیی حکوwمەتی هەرێمی کوردستانی دەربڕی بۆ ئەوەی لە بواری دابینکردنی کارەبا و سوود وەرگرتن لە ئەزموونی سەرکەوتووی پڕۆژەی ڕووناکی و چاکسازیکردن لە سیستەمی بانکی و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، هاوکاری حکوومەتی فیدراڵ بکات.

هەروەها گفتوگۆ لەبارەی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران کرا و هەردوولا هیواخواز بوون ببێتە سەرەتایەک بۆ قۆناغێکی نوێ لە لەیەکتێگەیشتن و چارەسەرکردنی کێشەکان و پاراستنی مافەکانی گشت پێکهاتەکان.