سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، حكوومەتی هەرێم ئامادەیە دەستبەجێ داهاتی ناوخۆی مانگەكانی هەشت و نۆی رابردوو رادەستی حكوومەتی فیدراڵی بكات.

ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، ئەمڕۆ شەشی تشرینی یەكەم، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی، “ئێمە ئامادەین دەستبەجێ داهاتی ناوخۆی مانگەكانی هەشت و نۆ بدەینە عێراق.”

لەبارەی ئەو راوێژەییەی ئەنجوومەنی دەوڵەتی عێراق كە داهاتی نانەوتیی هەرێمی بە بڕێكی دیاریكراو خەمڵاندبوو، ئومێد سەباح رای گەیاند، “راوێژەكەی ئەنجوومەنی دەوڵەت دژ بە دەستوور و یاساكانی عێراقە و داوامان كردووە جێبەجێ نەكرێت.”

ئاشكراشی كرد كە حكوومەتی هەرێم داوای لە حكوومەتی فیدراڵی كردووە گفتوگۆ و دانوستان ئەنجام بدەن، بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێكی هاوبەش لەسەر میكانیزمی هەژماركردن و رادەستكردنی داهاتی ناوخۆ. ئومێد سەباح گوتی: “داوامان لە عێراق كردووە دانوستان بكەین بۆ ئەوەی لەسەر داهاتی ناوخۆ بگەینە رێككەوتن.”