بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ھەشتەمین ئیڤێنتی (تێدێکس نیشتمان) لە شاری هەولێر بەڕێوە چوو.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 5/10/2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە گوتارێکدا لە ھەشتەمین ئیڤێنتی (تێدێکس نیشتمان) رایگەیاند: “زۆر خۆشحاڵم كە بانگهێشتتان كردم ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوە بەشدار بم لەم بۆنە گرنگە، بە تایبەتی كە لە لایەن گەنجانەوە رێكخراوە، ئەم گەنجانەی كە ئومێد و ئاییندەی وڵاتەكەمانن. من دەستخۆشی لە ڕێكخەرانی (تیدێكس نیشتمان) دەكەم، هیوادارم هەمیشە سەركەوتوو بن، ئەمە چەندین جارە ئێوە ئەم جۆرە بۆنانە ئامادە دەكەن و كارێكی وا دەكەن هەم گەنجان زیاتر ئومێدیان بە خۆیان بێت، هەم ئێمە زیاتر ئاشنا بین بە توانای گەنجەكانمان. دەستخۆشیتان لێ دەكەم، ئیشەڵا هەمیشە هەر سەركەوتوو بن.”

دەقی گوتارەكەی سەرۆك وەزیرانی كوردستان:

بەناوی خودای گەورە و میهرەبان. گەنجانی خۆشەویست و ئامادەبوونی ئازیز، زۆر زۆر خۆشحاڵم كە بانگهێشتتان كردم ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوە بەشداربم لەم بۆنە گرنگە، بەتایبەتی كە لەلایەن گەنجانەوە ڕێكخراوە. ئەم گەنجانەی كە ئومێد و ئاییندەی وڵاتەكەمانن. من دەستخۆشی لە ڕێكخەرانی تێدێكس نیشتمان دەكەم. هیوادارم هەمیشە سەركەوتوو بن. ئەمە چەندین جارە ئەم جۆرە بۆنانە ئامادە دەكەن و كاری وا دەكەن هەم گەنجان زیاتر ئومێدیان بە خۆیان بێت، هەم ئێمەش زیاتر ئاشنا بین بە توانای گەنجەكانمان. دەستخۆشیتان لێ دەكەم، ئینشائەڵڵا هەمیشە هەر سەركەوتوو بن.

جێی خۆیەتی من سوپاس و دەستخۆشی لەو گەنجە خۆشەویستانەش بكەم كە لە دەرەوە تەشریفیان هێناوە و بەخێرهاتنێكی گەرمیان دەكەم. هەرچەندە پێشتر من لە خزمەتیان بووم و چەندین قسەشمان پێكەوە كردووە، بەڵام ئەوانیش ئامادەن لێرە لە وڵاتانی ئەورووپا سەردانی كوردستانیان كردووە. ئەمەش بەشێكە لەو هەڵمەتەی كە ئێمە توانیمان كارێكی وا بكەین سپۆنسەری گەڕانەوەی ئەم خۆشەویستانە بكەین، زیاتر بێن لە نزیكەوە ئاشنا بن هەم بە گەنجانی وڵات، هەم بە نیشتمانەكەی خۆیان و خۆشیان لەو وڵاتانەی كە لێی دەژین، توانا و ئەو زانستەی كە تێیدا فێر بوون، بگەڕێننەوە بۆ وڵات. و ئەو پەیوەندییە دروستكردنە بەینی ئێرە و بەینی هەندەران، ئەمە دەبێتە هێزێكی تر بۆ وڵاتەكەمان، بۆ گەنجە خۆشەویستەكانمان، و بۆ ئەو گەنجە بەڕێزانەی كە لە كوردستان دان، پەیامم بۆ ئەو خۆشەویستانەش ئەمەیە كە ئێوە دەتوانن هەموو خەونێك بكەن بە ڕاستی.

دەمەوێت ئاماژە بە هەندێك لە كارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكەم كە لە ماوەی ڕابردوودا، ئەگەر بە پێداگری و بڕوا و متمانە بەخۆبوونی گەلەكەمان نەبووایە، لەوانەیە زۆر زۆر ئەستەم بوو بتوانین ئێستا بگەینە ئەم قۆناغە لە پێشكەوتن لە چەند سەكتەر و بواردا. هەموو لایەك هەوڵی ئەوەیان دەدا پاشگەزمان بكەنەوە، بێ ئومێدمان بكەن، بێ هیوامان بكەن كە ئێمە ناتوانین وڵاتی خۆمان بەرەو پێشەوە ببەین. ئاستەنگیان بۆ دروستكردین، ئاڵنگاری زۆریان بۆ دروستكردین، ڕێگریان كرد، بودجەیان لێ بڕین، كێشەی سیاسیان بۆ دروستكردین، تووشی كێشەی ئەمنی و ئاسایشیان كردین؛ بەڵام بە خۆڕاگریی ئەم گەلە خۆشەویستە، بە پشودرێژیی هەموو هانیشتمانییانی بەڕێز، ئێمە توانیمان ڕووبەڕووی هەموو ئەو تەحەددیاتانە بوەستینەوە و نەك تەنیا ئەم قەیرانانە یەك لەدوای یەك تێپەڕێنین، بەڵكوو هەنگاویش بەرەو ئاییندەیەكی گەشتر بهاوێژین و لە چەندین بواردا بتوانین سەركەوتنی گەورەش بەدەست بهێنین.

پێش هەموو شتێك داوای من لە گەنجانی خۆشەویست ئەوەیە كە ئێوە پێویستە زیاتر لە هەموو شتێك وڵاتەكەتان خۆش بوێت. پێش ئەوەی بێمە ئێرە دوو گەنج ڕێگەیان لێ گرتم و گوتیان ئەگەر دوو ئامۆژگاریمان بكەی چی دەبن ئەو ئامۆژگاریانە؟ ئامۆژگاری یەكەمم ئەوە بوو كە وڵاتەكەتان خۆش بوێت. دووەم، بڕواتان بە خۆتان هەبێت. سەیری وڵاتانی پێشكەوتووی دنیا بكەین، هیچ كەسێك نەهاتووە وڵاتی ئەوانەیان بۆ دروست بكات؛ بەڵكوو توانای گەنجەكانی ئەوان بووە كە وایان كردووە وڵاتیان ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو پێشكەوتن هەنگاو بنێن. ئێمە هیچمان لەم وڵاتانە كەمتر نییە. بەرامبەر بەم هەستە نیشتمانپەروەرییە، بەرامبەر بەم خۆشەویستییە بۆ وڵات و بۆ خەڵكی ئەم وڵاتە، هێزێكی تری نامۆ هەمیشە هەوڵی ئەوەیان داوە كە گەنجەكانمان نائومێد كەن، ڕوو لە هەندەران كەن، بڕوایان بە وڵاتەكەی خۆیان نەمێنێ، هیچ خۆشەویستیان بۆ ئەم خاكە نەمێنێ. وەڵامی ئێمە بۆ هەموو ئەو كەسانەی كە دەیانەوێت گەنج و وڵات لێك تەر داببڕن، ئەمەیە كە گەنجەكانمان زیاتر لە هەموو كەسێك قەدری ئەم خاكە دەزانن، چونكە دەزانن بست بستی ئەم خاكە شوێنی خوێنی شەهیدەكانمانە و بست بستی ئەم خاكە پیرۆزە.

خۆشحاڵم كە دەبینم ئەمڕۆ بە سەدان گەنجی بەتوانا و بەهرەمەند لێرەدا كۆبوونەتەوە بۆ ئەوەی بیرۆكەكانیان لەگەڵ یەكتر ئاڵوگۆڕ بكەن، بۆ ئەوەی دەستكەوتەكانیان پیشانی ئێمە بدەن و پێمان بڵێن كە ئاییندەی ئێمە لە دەستێكی ئەمین دایە.

من دەمەوێت ئاماژە بە چەند دەستكەوتێكی ئەم ماوەی حكوومەتی هەرێم بدەم كە بەبێ گومان ئەمەش هەر بە پاڵپشتی و پشتیوانیی ئێوەی خۆشەویست بووە. یەكێك لەو شتانەی كە توانیمان سەركەوتنی گەورەی تێدا ببینین، ئەوە بوو كە گرنگی بە فرەچەشنكردنی ئابووریی كوردستان بدەین و تەنیا چاومان لە وزە یان نەوت و غاز نەبێت. كارێكی واومان كرد كە جووتیارەكانمان جارێكی تر بۆ زەوییەكانیان بگەڕێنەوە و بەرهەمی ناوخۆی كوردستان بە ئاستێك بگەینین كە بتوانین نەك تەنیا لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان سوودی لێ وەرگرین، بەڵكوو بۆ دەرەوەی هەرێمی كوردستانیش هەناردەی بكەین. بۆ یەكەم جار بەرهەمی ناوخۆی هەرێمی كوردستان بۆ دەرەوەی كوردستان هەناردە كراوە و بەردەوامیشە ئەم پرۆسەیە. ئەمە جێگای سەربەرزییە، جێگای شانازییە؛ بەڵام ئەگەر بڕوا بەخۆبوونی جوتیارەكانمان نەبووایە، بڕوا بەخۆبوونی ئەم گەلە نەبووایە، بەبێ گومان ئێمە هەروا دوا دەكەوتین و هەر چاومان لەوە دەبوو خەڵكی تر بێت نانمان بداتێ. ئێستا كوردستان گەیشتووەتە ئاستێك و ئومێدمان وایە زۆر زۆر لەوە زیاتریش بكەین كە كوردستان ببێتە سەبەتەی خۆراك نەك تەنیا بۆ كوردستان، بەڵكو بۆ هەموو ناوچەكە.

پێشبینی ئەوەمان دەكرد كە كەش و هەوا لەم ناوچەیەدا تێك بچێت، و بینیمان كە لە ماوەی ڕابردوودا چەندین ساڵ وشكەساڵی، باران نەبارین، كێشەی ئاوی بۆ وڵاتەكەی ئێمە دروست كرد. هەوڵی ئەوەمان دا بەنداو و پۆند دروست بكەین بۆ ئەوەی لەم قەیرانە ئێمە بتوانین باشترین سوود لە ئاوی سەرزەوی وەرگرین و چیتر پەنا بۆ ئاوی ژێرزەوی نەبەین كە بەداخەوە زەرەر و زیانێكی زۆری بە ئاوی ژێرزەوی وڵاتەكەمان گەیاندووە. چەندین جار هەوڵ درا لەگەڵ وڵاتانی بیانی، كۆمپانیاكانی بیانی، كە قەیرانی ئاو لە شاری هەولێر چارەسەر بكرێت، بەڵام هەر ساڵێك بە بیانویەك دوا دەخرا، تا گەیشتە ئەو راددەی ئێمە داوامان لە دڵسۆزانی ئەم وڵاتە كرد، خەڵكی شاری هەولێری خۆشەویست، ئەندازیارانی خۆماڵی كە خۆیان هاتن دیزاینیان كرد بۆ گەیاندنی ئاوی خێرا بۆ شاری هەولێر و نەك تەنیا 12 ساڵ، بەڵكوو بە 12 مانگ توانیان گەورەترین پرۆژە لەسەر ئاستی عێراق لە شاری هەولێر دروست بكەن بە باشترین شێوە، و هەموومان بینیمان كە توانیمان لەو ماوەیەدا ئاو لە زێی گەورە بۆ شاری هەولێر بگوازینەوە.

بەشی دووەمی پرۆژەكەش لە ڕێگەیە، ئینشائەڵڵا لە ماوەیەكی نزیك ئەوەش دەكرێتەوە و شاری هەولێر و دەوروبەری هەولێر هەموویان سوودمەند دەبن لە گەیاندنی ئاو بۆ ئەم شارە. چەندین پرۆژەی هاوشێوە هەیە لە چەمچەماڵ، لە ئاكرێ، لە شوێنەكانی تری كوردستان كە دیسان هیوامان وایە بە كاتێكی زوو بتوانین ئەو پرۆژانەش تەواو بكەین كە خەڵكی ئێمە ئیتر لە كێشەی بێ ئاوی ڕزگاریان ببێت.

بەشێكی تری دەستكەوتەكانی ئەم حكوومەتە دروستكردنی ڕێگەوبانە؛ لەوانەیە هەموومان بینیبێتمان بەو ڕێگانەدا هاتوچۆمان كردبێت، و هەندێك جار ئەم ڕێگانە بەداخەوە بوونەتە شوێنی مەرگ لەبەر ئەوەی كە ستانداردی نێودەوڵەتی نەبوون، بە شێوەیەكی ستاندارد دروست نەكرابوون، یانیش لەبەر هۆكاری بەخێرایی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلەكان تووشی ڕووداوی ناخۆش بووین و چەندین كەسی ئازیزمان لەدەست داوە. ئەوەی لەسەر حكوومەتی هەرێم بووە، ئەمە بووە كە ڕێگاكان بە ئاستێكی نێودەوڵەتی دروست بكات، و لە ئاستی وەزارەتە پەیوەندیدارەكان، بەتایبەتی وەزارەتی ناوخۆ، كە ڕێنمایی بۆ هاژۆتنی سەیارەكان دەر بكات كە چۆن هاووڵاتییان ئەگەر پابەند بن، دەتوانن ڕێژەی ڕووداوەكان كەم كەنەوە. لە خوا بەزیاد بێت دەبینین كە هەڵمەتی دروستكردنی ڕێگە و بانەكان، هی ڕێگەی خێرا لە بەینی شارە گەورەكان و لەناو خودی شارەكانیش، كۆڵان و شەقامەكان هەموویان قیڕتاو كراون، شوێنی جادەی زۆرباش و شەقامی زۆرباش دروست كراون، ڕێگەی خێرای باش دروست كراون. هیوادارم هاووڵاتییان هەم سوودمەند بن لێی، هەم ئەم ڕێنماییانە لەبەرچاو بگرن بۆ سەلامەتی خۆیان و هەموو هاووڵاتیانی تر. ئەمەش دەستكەوتێكی تری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بووە كە بە كۆتایی نەهاتووە و بەردەوام دەبێت لە دروستكردنی ئەم ژێرخانە گرنگە بۆ سەلامەتی هاووڵاتییان و سوودوەرگرتنیان لەم پرۆژانە.

بەشێكی تری گرنگ كە زۆر هەوڵمان داوە بۆ ئاسانكاری كردن بۆ هاووڵاتییان، ئەوە بووە كە كەرتی بانكی، یاخود سیستەمی ماڵی لە كوردستان بە شێوەیەكی ستانداردی نێودەوڵەتی بەرەو پێشەوە ببەین. بەداخەوە بەشێك لەم كەرتە لە دەسەڵاتی هەرێمی كوردستاندا نییە و پێویستە ئێمە پابەندی هەندێك ڕێنمایی لەسەر ئاستی حكوومەتی فیدراڵی بین، بەڵام بە هەموو شێوەیەك هەوڵمان داوە كە ڕەزامەندی حكوومەتی فیدراڵی، بەتایبەتی بانكی ناوەندی عێراقی وەرگرین تا كەرتی بانكی لە هەرێمی كوردستان بەرەو پێشەوە ببەین. ئەم كەرتی بانكییە نەك تەنیا بۆ ئەوەیە كە مووچەی هاووڵاتییان لە بانكەكان بدرێ، بەڵكو بانكەكان ببن بە شوێنێك كە یارمەتی هەموو هاووڵاتییەك بدەن بتوانن قەرزی گەورە و بچووك بە هاووڵاتییان بدەن تا ئەو هاووڵاتییانەش بتوانن لە بەرژەوەندیی پرۆژەكانی خۆیان بەكاری بهێنن.

 دروستكردنی سێكتەری بانكی و پێشخستنی سێكتەری ماڵی لە هەرێمی كوردستان یەكێكە لە وەرچەرخانە گەورەكانی ئەم حكوومەتە كە پێم وایە لە ئاییندەدا دەتوانێت یارمەتیدەرێكی گەورەتر بێت بۆ ڕاكێشانی وەبەرهێنەری بیانی و متمانە بەخشین بە وەبەرهێنەری ناوخۆیی و هەموو هاووڵاتیانی كوردستان بتوانن سوودمەند بن وەك هەموو كەسێك لە هەموو وڵاتانی جیهان، لە وڵاتانی جیهانی پێشكەوتوو كە زۆر زۆر سوود دەبینن لەم سێكتەرە. ئێمە دیسان لێرەدا هەنگاوی باشمان بڕیوە، دەستكەوتی باشمان بەدەست هاتووە، بەڵام هێشتا ماوە و ئومێدوارم بە بوونی ئێوەی خۆشەویست بتوانین زۆر زۆر لەمە زیاتریشمان دەست بكەوێت. هەر لەبەر ئەوەش دەمەوێت ئاماژە بەو خاڵە بدەم؛ چونكە زۆربەی ئەم كارانەی كە كراون، بە دەستی گەنجی ئەم وڵاتە كراون.

ئەم پرۆژانەی من باسیان دەكەم، هەموویان گەنجی ئەم وڵاتە، گەنجی خۆشەویستی ئەم وڵاتە، كە زۆر لەوان بەتەما بوون نائومێدیان كەن، پێیان بڵێن ئێوە هیچتان پێ ناكرێت. هەر ئەم گەنجانە ڕووبەڕووی ئەم پرۆپاگەندانە بوونەتەوە. هەر ئەم گەنجانە ویستیان بێن و خزمەتی وڵاتەكەیان بكەن. لەسەر ئێمە بوو ڕێگەیان بۆ خۆش بكەین، پشتیوانیان بكەین، و ئەوەی لە دەستی ئێمەدا بوو، ڕێگەمان بۆ خۆشكردن، پشتیوانیمان كردن، و داوامان لێ كردن كە بێن یارمەتیدەری ئێمە بن، خۆیان وڵاتی خۆیان دروست كەن. و ئەم دەستكەوتانەی كە ئەمڕۆ دەیبینین، بەرهەمی خەبات و ڕەنجی ئەو گەنجە خۆشەویستانەیە.

بە دیجیتاڵكردنی سیستەم و خزمەتگوزارییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەشێكی ترە. ئەم خزمەتگوزاریانەی كە حكوومەتی هەرێم بە هاووڵاتییانی خۆشەویست پێشكەش دەكات، ئەمە بێگومان پێویستی بە زانستە، پێویستی بە شارەزاییە. ئەو گەنجە خۆشەویستانەی كە لەگەڵ زانست و تەكنەلۆژیای سەردەمدا زیاتر توانایان هەیە خۆیان پێ بگەینن، هەر ئەو كەسانەن كە دەتوانن لە هەموو ڕوویەكدا وڵاتەكەمان بەرەو پێش ببەن. و ئەم جۆرە خزمەتگوزاریانەش ئەوان دەتوانن باشتر و باشتر و باشتری بكەن. بۆیە من ئەو شتانەی كە عەرزی ئێوەی بەڕێز و خۆشەویستی دەكەم، بۆ ئەوەیە پێتان بڵێم، كە ئەمانە بەڵێن نین، ئەمانە شتێك نین لە داهاتوودا كە گومانمان هەبێت لەوەی ئایا دەكرێن یان نا. ئەوانە هەموویان ئەو بیر و باوەڕانە بوون كە لە سەرەتاوە، پێش چەند ساڵێك، هەمانبوون و لەگەڵ ئێوە قسەمان كرد، گوتمان ئێمە دەتوانین پێكەوە هەموو ئەو دەستكەوتانەمان هەبێت. ئەمڕۆ ئێمە لێرە شاهیدی بەدەستهێنانی هەموو ئەو دەستكەوتانەین. ئەمە بەرهەمی خۆتانە. ئەمە بڕوا بەخۆبوونی ئێوەیە.

لەم ڕۆژەوە، بۆ داهاتوویەكی گەشتر، بۆ كوردستانێكی سەقامگیرتر، بۆ كوردستانێكی پێشكەوتووتر، بڕواتان بە خۆتان هەبێت. ئەوەی خوشك و براكانی ئێوە كردیان، ئێوەش دەتوانن بیكەن. لەوە زیاتریش دەتوانن بیكەن. بۆیە بڕوام پێتانە. دەستخۆشیتان لێ دەكەم. هیوادارم هەمیشە سەركەوتوو بن. ڕۆژ بە ڕۆژ سەركەوتنی گەورەتر تۆمار كەن. هەر ساغ و سەلامەت بن. كوردستانمان هەر ئاوەدان بێت.

پرۆژەی ڕۆناكی یەكێك بوو لەو پرۆژانەی كە باوەڕ بكەن كەس بڕوای نەدەكرد ئێمە بتوانین لە ماوەیەكی وا كەمدا بتوانین كارەبای 24 كاتژمێری لە كوردستان دابین بكەین. هەر بۆ بەراوردكردن، حكوومەتی فیدراڵی عێراق زیاتر لە 200 ملیار دۆلاری تەرخان كردووە بۆ دابینكردنی كارەبای 24 كاتژمێری، بەڵام تا ئێستا نەیانتوانیوە ئەو كارە بكەن. ئەمەش بە هەوڵ و كۆششی گەنجە خۆشەویستەكانی ئێمە كە شەو و ڕۆژ خەریك بوون و یارمەتیدەری وەزارەتی كارەبا بوون، لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی تر كە بتوانن كارەبای 24 كاتژمێری دابین بكەن. شوكر بۆ خوا ئەمڕۆ هەموو سەنتەری شارە گەورەكانی كوردستان خاوەنی كارەبای 24 كاتژمێرین. پارێزگای هەڵەبجە بە شانازییەوە یەكەم پارێزگایە لەسەر ئاستی عێراق كە كارەبای 24 كاتژمێری لەسەرتاسەری پارێزگاكە هەیە. و تا كۆتایی ساڵی 2026، هەموو كوردستان بە هەموو گوند و شار و لادێیەكەوە، دەبێتە خاوەنی كارەبای 24 كاتژمێری. ئەمەش دەستكەوتێكی گەورەیە و حەقە شانازی بە خۆتانەوە بكەن، چونكە ئەمەش دەستكەوتی خۆتانە. جارێكی تر سپاستان دەكەم.