سبەی هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان بەسەر هێزەکانی پێشمەرگە دابەش دەکرێت.
راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە بڵاوی کردەوە: “ئەمڕۆ ٥ی ١٠ی ٢٠٢٥ هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگى نۆ بۆ وەزارەتی پێشمەرگە تەمویل کرا.”
ئاماژە بەوەش دراوە: “لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى بودجە و بەرنامەکان (ژمێریاریى سەربازى) دەستدەکرێت بە ئەنجامدانی رێکارە دارایی و ژمێریارییەکان بۆ تەواوکردنی ئامادەکارییەکان و بۆ ئەم مەبەستەش رۆژی دووشەمە ٦ی ئۆکتۆبەر دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.”
وەزارەتی پێشمەرگە، ئاشکراشی کردووە: “لەم مانگەدا نزیکەی ٩٧٪ی ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگە بە سیستەمی پڕۆژەی (هەژماری من) هاوکاریی هاوپەیمانان وەردەگرن، ئەوانەی دیکەش لە رێگەی سیستەمی بانکییەوە هاوکارییەکان وەردەگرن.”