بەرەو هەڵبژاردنێكی شارستانییانە

859

سه‌لام عه‌بدوڵڵا

وا هەڵمەتی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق بە فەرمی ڕاگەیاندرا، كە بڕیارە لە ڕۆژی (11)ی نۆڤەمبەری 2025، پڕۆسەی دەنگدان دەست پێ بكات، بۆ هەڵبژاردنی (329) ئەندام بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، خولی شەشەم كە (3.883.501) هاووڵاتی لە هەرێم مافی دەنگدانیان هەیە و ئەوانەش لە (79%)یان پڕۆسەی بایۆمەترییان ئەنجام داوە و لە (21%)یش نەیداوە.

لەم هەڵمەتی هەڵبژاردنەدا پارتی دیموكراتی كوردستان بە ژمارە (275) بەشداری دەكات، لەبەر ڕۆشنایی دروشمەكانی (هاوبەشی، هاوسەنگی، سازان).

وەك دەبینین دانیشتووانی عێراق تا ئێستا (5) جار بەشداری هەڵبژاردنیان كردووە و ئەمەی ئێستا دەبێتە خولی (6)هەم.

ئەگەر لە خولەكانی پێشوودا، ڕەنگە ئەوەش بگەڕێنەوە بۆ بێ ئەزموونی لەو بوارەدا، بە باشی و بێ گێچەڵ بەڕێوە نەدەچوو، چونكە هەمیشە چەندین لا گلەیی و گازندەیان لە ئەنجامەكانی دەكرد و بە چاوی گومانەوە تێیان دەڕوانی كە ڕەنگە هەندێكی بنەمای ڕاستی هەبوو بێت، چونكە هەڵبژاردن لە عێراقدا بێ دەستتێوەردان بەگشتی نەدەبینرا و زۆرجاریش گومان لە ئەنجامەكانی دەكرا و ئەوەش لەو سكاڵا زۆرە بەدی دەكرا كە دوای هەڵبژاردن پێشكەشی كۆمیسیۆنی باڵا دەكرا.

بۆیە ئەمجارە و دوای بیست ساڵ لە ئەزموونی هەڵبژاردن، ئیدی پێویستە بەشێوەیەكی شارستانییانە، هەروەك چۆن لە وڵاتانی دیموكراتی بەڕێوە دەچێت، لێرەش لە عێراق ئه‌و شێوازه‌ پەیڕەو بكرێت و واز لە دەستوەردان و كڕینی دەنگ و گزی و فزی و تەزویر بهێنرێت و ئەمجارە نموونەیەكی جوان و گونجاو و بڕواپێكراو نیشانی هاووڵاتییانی خودی عێراق و دەرەوە بدرێت و نەهێڵرێت دەستی دەرەكی كاریگەریی لەسەر ئەنجامەكانی پێوە دیار بێت.

ئەوەی گرنگە سەبارەت بە هەرێمەكەمانەوە و لەنێو هەرێمدا ئەوەیە ئێمەی كوردیش بتوانین پێكەوە پڕۆسەكە بەشێوەیەكی نیشتمانپەروەرانە و بە هێمنی و ئارامی و تەبایی پێكەوە بەڕێ بكەین و وەك جارەكانی پێشوو توند و دژ بەیەك نەبین و سنووری ڕێز و مێژوومان بگرین و نموونەیەكی شارستانییانە پێشكەشی گەلەكەمان و جیهان بكەین و خۆمان لە زمانی زبر و نەشیاو بەدوور بگرین.