لە ڕاگەیاندراوێكی هاوبەشدا، ئاسایشی هەولێر و پۆلیسی هەولێر ڕایانگەیاند، كە چوار تۆمەتباریان بە تۆمەتی كوشتنی گەنجەكەی بەردەم بەشەناوخۆیی شەهید شەوكەوت شێخ یەزدین دەستگیر كردووە، كە لەسەر كێشەیەكی كۆمەڵایەتی كوژراوە.

 چوارشەممە 1ـی 10ـی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بە هاوبەشی دەستگیركردنی چوار تۆمەتباریان بە كوشتنی گەنجێكی شاری هەولێر لەبەردەم بەشەناوخۆیی شەهید شەوكەوت شێخ یەزدین ڕاگەیاند.

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر ڕایانگەیاند: “دوای ئەوەی لە 28ـی 9ـی 2025، لە شەقامی کرکووک نزیک بەشەناوخۆیی شەهید شەوکەوت شێخ یەزدین لە کاتژمێر 11 و 30 خولەكی شەو، لە ڕووداوێکی تەقەکردندا هاوڵاتییەک بەناوی (یوسف محەممەد ڕەشید) لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی کوژرا.”

لەدوای ڕووداوەكەش، “دەستبەجێ لە لایەن تیمەکانمانەوە لە (بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولیر) و (بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پاریزگای هەولیر)، دەست بە ئەنجامدانی بەدواداچوون کرا و لە ماوەیەکی کەمدا ناسنامەی بکوژەکانمان ئاشکرا کرد، کە لە چوار تۆمەتبار پێکهاتبوون، بەناوەکانی (هـ. هـ. هـ) و (ع. هـ. هـ) و (ئـ. هـ. هـ) و (خ. ع. ر).”

ئەوەشیان خستووەتە ڕوو، كە “تۆمەتبارانی ناو هاتوو لە شەوی 30ـی 9ـی 2025دا، لەسەر هەمان کێشە تەقەیان لە هاوڵاتییەکی تر کردووە، بەناوی (دڵشێر محەممەد) بە سەختی برینداریان کردووە.”

لە ڕاگەیاندراوەكەدا، ئەوەش هاتووە، “تۆمەتبارەکان دوای ئەنجامدانی ئەم دوو تاوانە بەنیازبوون هەڵبێن بۆ دەرەوەی شاری هەولێر، دوای وەرگرتنی ڕەزامەندیی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر ، بەهەماهەنگیی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی بازگەکانی هەولێر، لە بازگەی شێراوە سەرجەم تۆمەتبارەکان دەستگیر کران.”