
ئهمڕۆ شهممه 27ی 9ی 2025، له ههولێر به ئامادهبوونی مهسرور بارزانی سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستان، كۆنفڕانسی ساڵیادی نیقییه بهڕێوه چوو.
له كۆنفڕانسهكهدا ژمارهیهك پاتریاریكی دیاری كریستیان له عێراق و رۆژههڵاتی ناوهڕاست بهشداربوون.
كۆمهڵهی نقییه یهكێكه له گرنگترین رووداوه مێژووهیهكانی كریستیانهكان، تێیدا قهشه و پاتریاركهكان كۆ دهبنهوه، بۆ ناردنی پهیامی یهكبوون و لێكنزیكبوونهوهی ئایدیاكان.
له كۆنفڕانسهكهدا مهسرور بارزانی وتارێكی پێشكهش كرد و و رایگهیاند، خۆشحاڵم كه ئهم كۆنفڕانسه زانستیه گرنگه له ههولێر بهڕیوه دهچێ و دهستخۆشیتان لێ دهكهم و هیوای سهركهوتنتان بۆ دهخوازم، هیوادرم دهرئهنجامی ئهم كۆنفڕانسه بێته هۆی پتهوكردنی پێكهوهژیان، حكومهت بهردهوام دهبێ له چهسپاندنی بنهماكانی پێكهوه ژیانی ئاینی.
سهرۆكی حكوومهت گوتیشی، حكوومهت باوهڕی تهواوی به داكۆكیكردن له ههمهڕهنگیی ئایینی و كلتووری ههیه.
له بارهی ههناردهكردنهوهی نهوتی كوردستان سهرۆكی حكوومهت ڕایگهیاند، ئەمە دەستكەوتێكی گەورەیە بۆ خەڵكی عێراق بە تایبەتی خەڵكی هەرێمی كوردستان.
سهرۆكی حكوومهت راشیگهیاند، دەستخۆشی لە هەموو ئەو كەس و لایەنانە دەكەم ڕۆڵی گرنگیان گێڕا، بە تایبەت ئەمریكا، كە چ واشنتۆن، یان باڵوێز، یان كونسوڵ، پاڵپشتێكی گەورە بوون بۆ رێككەوتنەكە.
ئهمهی خوارهوه دهقی وتارهكهی سهرۆكی حكوومهته:
بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان
جەنابی قەداسەتی پاتریارك ماراوا
قەداسەتی پاتریارك لویس ساكو
كەسایەتییە ئایینییە بەڕێزەكان لە هەموو ئایین و ئایینزاكانی كوردستان، مامۆستایانی بەڕێزی زانكۆ و كەسایەتییە ئەكادیمییەكان، میوانە بەڕێزەكان، بە تایبەتی ئەوانەی لە دەرەوەی وڵات تەشریفیان هێناوە، هەمووتان زۆر زۆر بەخێربێن و زۆر خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەم لەم بۆنە گرنگەدا بەشداریتان لەگەڵ دەكەم. بەخێرهاتنێكی گەرمی هەموو لایەكتان دەكەم و سوپاسی ئامادەبوونتان دەكەم كە لە هەولێری پایتەختی بەیەكەوەژیان، پایتەختی هەرێمی كوردستان، هەموومان بەیەكەوە لێرە كۆبووینەتەوە.
خۆشحاڵم كە ئەم كۆنفرانسە زانستییە گرنگە لە هەولێر، بە بەشداریی ئەو ژمارە زۆرە لە كەسایەتییە ئایینییە باڵاكان ئەنجام دەدرێت، دەستخۆشیتان لێ دەكەم و هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم و ئومێدەوام دەرئەنجامی راسپاردەكانی ئەم كۆنفرانسە لە خزمەتی بەهێزتركردنی كەلتووری بەیەكەوەژیانی ئاشتییانە و پتەوكردنی بنەماكانی ئاشتی و تەبایی و برایەتیی نێوان سەرجەم پێكهاتەكان بێت.
بەڕێزان
دەتوانم بە شانازییەوە بڵێم كە بەیەكەوەژیانی ئاشتییانە یەكێكە لە تایبەتمەندی و سیما گەشەكانی كۆمەڵگەی كوردستان، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەم كەلتوورە پێویستیی بە پتەوكردنی زیاتر و دەوڵەمەندكردن و بەهێزتركردنە كە ئەركی هەر هەموومانە لەم پێناوەدا هەرچی پێمان بكرێت ئەنجامی بدەین، بە تایبەتیش روو لە كەسایەتی و مامۆستایانی ئایینیی بەڕێزی هەموو ئایین و ئایینزاكان دەكەم كە لەم رووەوە ڕۆڵ و ئەرك و بەرپرسیارێتیی گرنگ و كارای خۆیان بگێڕن و بەها و بنەما باڵاكانی خۆشەویستی و تەبایی و ئاشتیی كۆمەڵایەتی لە نێوان پێكهاتە جۆراوجۆرەكاندا بەهێزتر و قووڵتر بكەنەوە، لەم پێناوەشدا حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت لە چەسپاندنی بنەماكانی بەیەكەوەژیانی ئاشتییانە و ئازادیی ئایینی و تەبایی و دۆستایەتیی نێوان پێكهاتەكانی كوردستان.
ئێمە لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پابەندین و باوەڕیی تەواومان بە پاراستن و داكۆكیكردن لە هەمەڕەنگیی ئایینی و نەتەوەیی و كەلتووری هەیە، لەم چوارچێوەیەدا بەردەوامین لە پاڵپشتیكردن و پاراستنی زمانی سریانی، زمانی كلدان و ئاشووری و ئارامی، ئەو زمانەی حەزرەی عیسای مەسیح (د.خ) قسەی پێ دەكرد.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیری و هونەریی سریانییەوە، پشتیوانیی لە خوێندنی زمانی سریانی دەكات و ئێستا پەنجا قوتابخانەی تایبەت بە زمانی سریانی لە هەرێمی كوردستان هەن كە هەزاران قوتابی بەم زمانە كۆن و دێرینە دەخوێنن. هەروەها ساڵی رابردووش بە پشتیوانیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، یەكەمین سیمپۆزیۆمی سریانی لە هەولێر بەڕێوە چوو.
جیا لەمەش، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینییەوە، هاوشان لەگەڵ گرنگیدان بە مزگەوتەكان و پەرستگە و شوێنی پیرۆزی هەموو ئایینەكان، هاوكاری و پشتیوانیی هەموو كەنیسەكانیش دەكات و بە خۆشحاڵییەوە لێرە رای دەگەیەنین كە بەم نزیكانە چوار كەنیسەی نوێ لە هەولێر و دهۆك دەكرێنەوە.
هەروەها بەهاری ئەمساڵ بۆ یەكەمینجار لە كوردستان و لە دەستپێشخەرییەكی ناوازەدا بە سەرپەرشتی و ئامادەبوونی جەنابی سەرۆك بارزانی و بە بەشداریی سەدان كەسایەتیی ئایینی و سیاسی و كۆمەڵایەتی لە سەرانسەری جیهان، رۆژی نزای نیشتمانی لە هەولێر بەڕێوە چوو كە هیوادارین وەك نەریتێكی ساڵانە ئەم گردبوونەوەیە لەپێناو بەهێزكردنی بەهاكانی بەیەكەوەژیانی ئاشتییانە و لێبووردەیی و ئازادیی ئایینی لە هەولێر ئەنجام بدرێت.
ئەم كارنامە و پرۆژە و دەستپێشخەرییانە دووپاتكردنەوەیە لەوەی كوردستان نیشتمانی هەموومانە، وەك چۆن پێكهاتەكانی كوردستان بەیەكەوە دووچاری ستەم و زۆرداری و داگیركاری بوونەوە، ئەمڕۆش بەیەكەوەین لەپێناو بنیادنان و ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان و پێشخستنی نیشتمانەكەمان.
من دەمەوێ لێرە ئاماژە بە خاڵێكی گرنگ و رووداوێكی مێژوویی بدەم كە ئەم چەند رۆژە بینیمان، دوای دوو سێ ساڵێك لە وەستانی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بازاڕەكانی دەرەوە، جارێكی تر ئەمڕۆ، ئەم بەیانییە، نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ ماركێتی جیهانی هەناردەكرایەوە كە ئەم رێككەوتنە لەگەڵ حكوومەتی فیدرالی دەستكەوتێكی گەورەیە بۆ هەموو خەڵكی عێراق، بە تایبەتی خەڵكی هەرێمی كوردستان. من دەستخۆشی لە هەموو ئەو كەسایەتییانە و ئەو لایەنانە دەكەم كە رۆڵێكی گرنگیان گێڕا لە سەرخستنی ئەم پرۆسەیە، لێرەدا حەز دەكەم ئاماژە بدەم بە رۆڵی بە تایبەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا چ لە واشنتن و چ باڵوێزیان لە بەغدا یان كونسوڵیان لێرە لە هەولێر كە بەڕاستی پاڵپشتی گەورەبوون بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە.
جارێكی تر هیوادارم كە ئەم گرێبەستە، ئەم ڕێككەوتنە ببێتە هۆكاری پێشخستنی ژێرخانی ئابووری و لە خزمەتی هەموو هاووڵاتیاندا بێت.
لە كۆتاییدا هیوای سەركەوتن بۆ ئەم كۆنفرانسە دەخوازم و دڵنیاتان دەكەمەوە كە هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە مەڵبەندێكی درەوشاوەی پێكەوەژیانی ئاشتییانە و ئازادیی ئایینی و یەكتر قەبووڵكردن و برایەتی و تەبایی دەبێت.
هەر شاد و سەركەوتوو بن و خودای مەزن كوردستان بپارێزێت.
زۆر سوپاس