ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، لە پەراوێزی 80مین دانیشتنی کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا کۆبووەوە.
ئاژانسی فەرمیی سانا ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاویکردەوە، شەرع لە میانی پێشوازییەکدا چاوی بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و مێلانیایی هاوسەری کەوت. بەمەش دەبێتە دووەمین دیداری شەرع و ترەمپ، دوای دیدارەکەیان لە مانگی ئایاری ڕابردوو لە ڕیاز.
ئەحمەد شەرع ڕۆژی چوارشەممە لە وتارەکەیدا لە کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، باسی دۆخی ناوخۆی سووریا، پەیوەندییە دەرەکییەکان، و پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکەی کرد. هەروەها ئاماژەی بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی سووریا دا و پابەندبوونی وڵاتەکەی بە ڕێککەوتنی جیابوونەوەی ساڵی 1974 دووپاتکردەوە.
شەرع سووریای وەک “چیرۆکێک کە هەست و سۆز دەوروژێنێت و ئازار لەگەڵ هیوادا تێکەڵ دەکات” وەسف کرد. ئەم چیرۆکە، بە قسەی ئەو، ململانێیەکی نێوان چاکە و خراپە، ڕاستییەکی لاواز کە تەنیا خودا پشتیوانییەتی و هەڵەیەکی بەهێز کە خاوەنی “هەموو ئامرازەکانی کوشتن و وێرانکارییە.”
گوتیشی: “چیرۆکەکەمان وانەیەکی مێژوویی و نوێنەرایەتییەکی ڕاستەقینەی بەها مرۆییە بەرزەکانە لەم شەڕە ئەبەدییەی نێوان ڕاست و هەڵەدا. گێڕانەوەی سووریا لاپەڕەیەکی نوێ لەم ململانێیەدا دەگێڕێتەوە، بابەتی درەوشاوە و شایستەی پڕ لە داهێنان، ڕووبەڕووبوونەوە، ئیرادە، سەبر، ئازار، قوربانیدان و ڕزگاربوون.”