گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاشکرای کرد، واژۆکردنی ڕێككه‌وتنی سێقۆڵی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان، حکوومەتی فیدراڵی و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت له‌ ئان و سات دایه‌.

یەکشەممە 21ـی ئەیلوولی 2025، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندوه‌ ، کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، حکوومەتی فیدڕاڵی و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت گەیشتوونەتە ڕێککەوتن.

گوتیشی: واژۆکردنی ڕێککەوتنی نێوانیان لە ئان و سات دایە و ئەگەر هیچ شتێک نەیەتە ئاراوە، ئەوا بە دڵنیاییەوە سبەی دووشەممە رێککەوتنەکە واژۆ دەکرێت.

هەورامانی، ئاماژەی بەوە کردووە، بە واژۆکردنی ئەو ڕێککەوتنە هیچ بەربەستێک لە بەردەم ناردنی مووچە نامێنێت و پێویستە حکوومەتی فیدڕاڵی بەو ئەرکەی خۆی هەڵسێت و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت.