ئەمڕۆ یەکشەممە ٢١ی ئەیلوولی ٢٠٢٥، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نەخۆشخانەی منداڵانی لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ كردەوە.
لە گوتەیەكدا كە لە مەراسیمی كردنەوەی نەخۆشخانەكەدا، سەرۆكی حكوومەت خۆشحاڵیی خۆی بە كردنەوەی چەند پرۆژەیەك لە زاخۆ دەربڕی و جەختیشی لە بەردەوامیی پشتیوانیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ خزمەتكردنی زیاتری خەڵكی كوردستان كردەوە.

ئەمەش دەقی گوتارەكەیە:

بە ناوی خوای مەزن و دلۆڤان
خوشك و برایانی هێژا
ئێمە ئەمڕۆ بە خۆشحاڵییەوە هاتین بۆ زاخۆ بۆ كردنەوەی چەند پرۆژەیەك كە یەكێك لەوانە ئەم نەخۆشخانەیەی منداڵانە كە ئەمڕۆ دەست بەكار دەبێت و دەكەوێتە خزمەتی هاووڵاتیان، بە تایبەتی خەڵكی شاری زاخۆی خۆشەویست
دەستخۆشی لە ئێوە دەكەم بۆ ئەم دەستكەوتە، بێگومان حكوومەت بەردەوام پشتیوان دەبێت بۆ ئەوەی زیاتر خزمەتی خەڵكی خۆمان بكەین و ئەو خزمەتگوزارییە بنەڕەتییانەی كە پێویستن بۆ هەموو خەڵكی، دابین بكرێن.
خۆشحاڵم كە لەسەر ئاستێكی زۆر باش ئەم نەخۆشخانەیە دروست كراوە، هیوادارم كەس هیچ جارێك ناچار نەبێت بێتە نەخۆشخانە، بەڵام ئەگەر هاتن، هیوادارم لێرە خزمەتێكی باشی ئەو نەخۆشانە بكرێت، بە تایبەتی منداڵانی ئازیزی ئێمە و هیچ كاتێك ناچار نەبن بچنە شوێنی دیكە و ئەوەی پێویستییان پێیەتی لێرە بۆیان بكرێ و لە لایەنی تەندروستییەوە چارەسەریان بۆ بكرێت.
جارێكی دیكە دەستخۆشی لە ئێوە دەكەم و سوپاسی هەموو نوژدار و پزیشك و كارمەندانی ئێرەش دەكەم بۆ ئەو زەحمەتییەی كە دەیكێشن، هیوای من ئەوەیە سەركەوتوو بن و ئینشائەڵا كوردستانیشمان رۆژ بە رۆژ بەرەو رۆژی خۆشتر و ئاوەدانییەكی زیاتر بچێت.
زۆر سوپاس جارێكی دیكە.