د. یاس خزەیر ئەلبەیاتی
لە سەردەمێكدا، كە قەیرانەكان كەڵەكە دەبن و پاساوەكانی سیاسەت، لەگەڵ بێتوانایی بەڕێوەبردن تێكەڵاو دەبن، دەوڵەتی فیدراڵی هێشتا خەریكی ئارەزووە كۆنەكەیەتی، ئەویش داهێنانی پاساو و بڕینی بژێوی خەڵكە. مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هات و پێناسەیەكی نوێی بۆ سیاسەت نووسی: سیاسەت داخویانی و كۆنگرە نییە، بەڵكو پڕۆژەی بەرجەستەیە، كە كاریگەری لەسەر ژیانی خەڵكیدا هەبێت، ماڵەكانیان ڕووناك دەكاتەوە، تینویەتیان دەشكێنێت و باخچەكانیان سەوز دەكات.
پڕۆژەی یەكەم كە خەڵك باسی دەكات، دروشمی هەڵبژاردن یان داخویانی داڕێژراوە نییە، بەڵكو ڕووناكییەكە لە وایەرەكانەوە هەڵدەقوڵێت: پڕۆژەی (ڕووناكی)، كارەبای 24 كاتژمێری بەبێ پچڕانە. لە وڵاتێكدا كە خووی بە تاریكییەوە گرتووە، ئەمە وەكوو پەرجوویەك دێتە بەرچاو. سەردەمی موەلیدەكان، دەنگە ناخۆش و بۆنە ناخۆشەكانیان كۆتایی هات، لەگەڵیدا هەژموونی (میرەكانی ئەمپێر)یش كۆتایی هات، كە بە یاساكانی تاریكی، تەواوی گەڕەكانیان بەڕێوە دەبرد. ئەمڕۆكە، هاووڵاتی كورد هەست بە شانازی و ڕەنگە هەست بە واقعێکی سەرسوڕهێن بكات: کە چۆن سەرۆكی هەرێمێك، دەتوانێت شتێك بكات، كە تەواوی دەوڵەتێكی نەوتی، دوو دەیەیە نەیتوانیوە بیكات؟
لەگەڵ ئەوەشدا (بێهیواییكەرەكان) پێوار نەبوون. دەڵێن نرخی (ڕووناكی) بەرزە، وەكوو ئەوەی كارەبا دەبێت بە خۆڕایی دابەش بكرێت، لە كاتێكدا لە وڵاتانی دیکە تەنانەت هەناسەی مرۆڤیش دەفرۆشرێت. ئەوانە نازانن كە نرخەكانی لە كەنداو و ئەوروپا هەرزانترە، پڕۆژەكەش تەنیا ماڵەكان ڕووناك ناكاتەوە، بەڵكو خەڵك فێری كولتووری ئابووری لە بەكارهێناندا دەكات، بەم شێوەیەش وزە لە خوویەكی بەفیڕۆدەرەوە بۆ هۆشیارییەكی نوێ و لە گڵۆپێكی ڕووناكەوە بۆ وانەیەك لە بەرپرسیارێتی دەگۆڕێت.
سەبارەت بە ئاویش، ئەو توخمە سادەیە، كە لە شارەكانی عێراقدا بووەتە خۆشگوزارەنییەكی دەگمەن، لە كوردستاندا بووەتە مافێكی هەمیشەیی. بە پڕۆژەیەكی ستراتیژی كە ئاوی زێی بچووك دەگوازێتەوە بۆ ماڵەكان، بە درێژایی 24 كاتژمێر و بۆ ماوەی پەنجا ساڵ، لاپەڕەی بیرە هەڕەمەكییەكان و تانكەرەكانی چاوەڕوانی دادرایەوە. لێرە ئاو بەگوێرەی پێویست دەڕژێت، كەچی لە شوێنەكانی تردا، هێشتا وەزارەتەكان كۆنفرانس لەسەر (ئاسایشی ئاو) ڕێك دەخەن، وەكوو ئەوەی بیانەوێت بڕگەكانی ڕۆمانێكی خەیاڵی بنووسن، كە كەس باوەڕی پێ ناكات.ئینجا پڕۆژەی پشتێنی سەوز لە دەوروبەری هەولێر هات: هەزاران دار دەچێنرێن، بۆ ئەوەی بەرەنگاری تۆز و خۆڵ ببنەوە، هەوا فێنك بكەنەوە و هەناسە بۆ شارەكە بگەڕێننەوە. ئەمە تەنیا هەڵمەتێكی وەرزیی دارچاندن نییە، بەڵكو تیڕوانینە بۆ شارێك، كە بە بیابانبوون گەمارۆ دەدات و پەیوەندی خۆی لەگەڵ سروشتدا دەگێڕێتەوە، لە كاتێكدا عێراق بە تۆز و خۆڵ خنكاوە و هەوا بووەتە كاڵایەكی دەگمەن. لەبەر ئەوەی ئاوەدانی ڕووەكەی تری ژیانە، چەندان پڕۆژەی گەورەی ڕێگەوبان لەناو هەرێمدا دەستیان پێ كراوە، بۆ ئەوەی شارەكان بە پرد و باخچەكان ڕێكبخەن و بۆ شاری هاوچەرخ بیانگۆڕن، كە بە متمانەوە لە بەردەم پایتەختەكانی جیهاندا دەوەستن. لێرە چیمەنتۆی هەڕەمەكی نییە، كە ئاسۆ بشارێتەوە، بەڵكو ئاوەدانییە، كە هیوای ئەوەیە، شان بەشانی داهاتوودا گوزەر بكات.
ئەو بەرەواژییەی كە مایەی گاڵتەجاڕییە ئەوەیە، هەموو ئەوانە ڕوو دەدەن، كەچی هەرێم وەكوو هەوڵێك بۆ خنكاندنی، چەندان ساڵە لە پشكی بودجە بێبەش كراوە و مووچەی فەرمانبەرانی بڕدراوە. بەڵام ئەنجامەكەی پێچەوانە بوو: تەنیا خۆیان خنكاند. لەوێ خزمەتگوزارییەكان لە پاشەكشەدان و دامودەزگاكانی دەوڵەت وەك وێرانەیەكی چۆڵ دەتووێنەوە، لێرەش پڕۆژەكان وەكوو باخچەكانی بەهار گەشە دەكەن و ژیان بە ماڵەكان و شەقامەكان دەبەخشن. لەوێ شەوەكانیان بە چرای مۆمەكان ڕووناك دەكەنەوە، لێرەش كورد ماڵەكەی بە چرای كاركردنی بەردەوام ڕووناك دەكاتەوە، وەكوو ئەوەی وانەیەكی ڕووناك لەسەر دیوارێكی تاریك بنووسێت.
مەسرور بارزانی، بە بەدواداچوونی ڕۆژانەی بۆ ئەم پڕۆژانە، وانەیەكی قووڵی لە سەركردایەتیكردن پێشكەش كرد: بەوەی سیاسەت داخویانی (سەروەری) و دروشمی (ڕزگاركردن) نییە، بەڵكو كرداری بەرجەستەیە و لە ژیانی خەڵكیدا ڕەنگ دەداتەوە. ئەگەر هاووڵاتی عێراقی لە پارێزگاكانی تر، شەوانی بە دەنگی موەلیدەی ئەهلی بەسەر ببات، ئەوا هاووڵاتی كورد، ئەمڕۆكە بە ڕیتمی كارەبا، ئاو و هەوای خاوێن دەخەوێت و هەڵدەستێت.ئەمە سیاسەتێكە كە گوتار بۆ كەتوار و دروشم بۆ خزمەتگوزاری دەگۆڕێت. سیاسەتێكە بە گلۆپی شەقامەكان و باخچەی شارەكان دەپێورێت، نەك بە ژمارەی كۆنفرانسەكان و دروشمەكان. ئەمەش بە تەنیا بەسە بۆ ئەوەی، هاووڵاتی لێرە هەست بەوە بكات، خاوەنی شتێكە كە وڵاتە گەورەكانیش نیانە: مافی ژیانێكی بە كەرامەت لە وڵاتێكدا، كە لە جیهان دەچێت.منیش، كە كوڕی بەغدام، چارەنووس وای ویست لە هەولێر نیشتەجێ بم، لێرە مرۆڤایەتی و ئاسایشی خۆمم دۆزییەوە، كە مێژوو، لێبوردەیی و ئارامی تێدایە، دوای دوورە وڵاتییەكی زۆریش، یادگارییە كۆمەڵایەتییەكانم بەدەست هێنایەوە. سەرەڕای ئەوەی مافی مانەوەی هەمیشەیی وڵاتێكی پێشكەوتووم لە گیرفان دایە، كە هەموو مرۆڤێك خەونی پێوە دەبینێت، بۆیە ناچار نیم دووڕوویی بكەم و هەوڵ بۆ دەستكەوتیش نادەم: نە داوای خانوویەك دەكەم، نە خۆزگەی باخێك دەخوازم، نە نەوتێك كە دەستی بۆ درێژ بكەم، نە شوێنێكیش كە تێیدا نیشتەجێ بم. بەڵكو ئەمە ڕاستییەكەیە، ئەگەر هەندێ كەسم شەرمەزار كردبێت، كە گرێی ڕەگەزپەرستی كوێری كردوون؛ سوپاس كاك مەسرور… سیاسەتت كردە ڕووناكی لە ماڵەكان، ئاو لە پلووسكەكان و سەوزایی لە باخچەكاندا.
سوپاس كاك مەسرور
و: ڕەمزی میرەكانی