كۆمپانیای بازاڕگێریی نەوت (سۆمۆ) رایگەیاند: هەموو گرێبەست و پێبەندییەكیان لەگەڵ كۆمپانیای كڕیاری نەوتی بەرهەمهێنراوی كوردستان بە ئەنجام گەیاندووە، ئاماژەی بەوەش كردووە كە هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستان، ناوبانگی عێراق دەهێنێتەوە وەكوو سەرچاوەیەكی سەرەكیی نەوت بۆ بازاڕی تینووی ئەورووپا.
ئەمڕۆ سێشەممە 16/9/2025، نزار شەتری، بەڕێوەبەر سۆمۆ، ڕایگەیاندووە: حكوومەتی فیدراڵ و حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیاكانی وەبەرهێنانی نەوت، پێویستیان بە تەواوكردنی میكانزمی جێبەجێكردنی یاسای موازنەیە و لەو رووەوە لێكتێگەیشتنی باش هەیە و “هەوڵەكان بەردەوامن بۆ گەیشتنە ڕێككەوتنی كۆتایی بۆ ئەوەی نەوتی كوردستان هەناردە بكرێتەوە و بگاتە بەندەری جەیهانی توركی.”
دەشڵێ: ئێستە نەوتی خاوی هەرێمی كوردستان هەناردە ناكرێ، بەڵكوو لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان بەكار دێ، ئێستەش بەپێی یاسای موازنەی ساڵی 2025 كار دەكەین، بۆ ئەوەی بڕی زیادەی دوای بەكارهێنان، هەناردە بكرێتەوە.
ئاماژەی بەوەش كردووە: هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستان، لە ئێستەدا بازاڕی ئەورووپاش پڕ دەكاتەوە، بە تایبەت كە كێشە لە نێوان ڕووسیا و ئەروووپادا هەیە.