
عێراق لە لیستی “هەژارترین” وڵاتانی جیهاندا پلەیەکی مامناوەندی بەدەستهێناوە، کە بە تێکڕای بەشی تاک لە بەرهەمی ناوخۆیی گشتی دەپێورێت.
بەپێی ڕاپۆرتێكی گۆڤاری “گلۆباڵ فاینانس”، كه تێیدا هاتووه: “بەشی تاک لە تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی گشتی دەتوانێت بە شێوەیەکی وردتر توانای کڕینی تاک لە هەر وڵاتێکدا هەڵسەنگێنێت. لە کاتێکدا زەحمەتە هۆکارێکی دیاریکراو بۆ هەژاری درێژخایەن دەستنیشان بکرێت، حکوومەتە گەندەڵەکان دەتوانن نەتەوەیەکی زۆر دەوڵەمەند بکەنە نەتەوەیەکی هەژار”.
بەپێی پۆلێنەکە، عێراق لە پلەی 76 لە کۆی 190 وڵاتدا لە لیستی هەژارترین وڵاتانی جیهاندا هاتووە، بە تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی گشتی بۆ هەر تاکێک زیاتر لە 15 هەزار دۆلار. هەرچەندە پلەی وڵاتێک بەرزتر بێت، هەژارترە لە وڵاتی دواتر.
هەژارترین وڵاتی جیهان کە لە پلەی یەکەمدا هاتوون، باشووری سوودانە، کە بەشی تاک لە تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی گشتی تێیدا 716 دۆلارە بۆ هەر تاکێک، هاوكات دەوڵەمەندترین وڵاتی جیهان، سەنگافورەیه بەرهەمێکی ناوخۆیی گشتی بۆ هەر تاکێک زیاتر لە 156 هەزار دۆلاره، ئەمەش واتای ئەوەیە کە پشکی تاک لە دەوڵەمەندترین وڵاتی جیهاندا 10 ئەوەندەی پشکی تاکێکی عێراقییە.
کاتێک وڵاتان دابەش دەکرێن بۆ 3 سێیەک، هەر سێیەکێك نزیکەی 63 وڵات لەخۆدەگرێت، ئەمەش وادەکات عێراق لە پێشەوەی سێیەكی دووەمی وڵاتە هەژارەکاندا بێت، بەو پێیەی لە پلەی 76 دایە.