ئەمڕۆ سێشەممە، 9ی 9ی 2025، هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل، هێرشی كردە سەر كۆبوونەوەیەكی شاندی باڵای دانوستانكاری حەماس كە هاوكات بەرپرسانی دیاری بزووتنەوەكەن؛ بەپێی زانیاریی میدیاكانی ئیسرائیل، چوار سەركردەی باڵای حەماس بەئامانج گیراون، بەڵام حەماس ڕەتی دەكاتەوە.
بەپێی زانیارییەكانی كەناڵی (سكاینیوز) ی عەرەبی، هێرشەكە لەلایەن ژووری ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی تایبەت بە دەزگای ئاسایشی گشتی (شاباك) بەڕێوە چووە و لەو كاتەشدا هەریەك لە بێنیامین نەتانیاهۆ و وەزیری بەرگری و سەرۆكی هەواڵگریی سەربازی لە ژوورەكە ئامادە بوونە و چاودێریی پرۆسەكەیان كردووە.
لە هێرشەكەدا 15 فڕۆكەی شەڕكەری ئیسرائیل بەشدار بوونە و 10 مووشەكیان لەو باڵەخانەیە گرتووە كە لە دەوحە بەرپرسانی باڵای حەماسی تێدا كۆ بووەتەوە، فڕۆكەكان لە ئاسمانەوە بەنزینیان تێكراوەتەوە و دواتریش لە ئیسرائیل نیشتوونەتەوە.