بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی و دەیان کەسایەتیی کورد و فەڕەنسی، ڕێگەی پێشمەرگە لە پارکی ئۆندرێ سێترۆئێنی پاریس دەکرێتەوە.
ئەمرۆ لە شاری پاریس، بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی و بەرپرسانی شارەوانیی پاریس و ژمارەیەک لە پێشمەرگەی دێرینەکانی کوردستان، دەیان زۆر کەسایەتیی سیاسی و ئاکادیمیی کورد و فەڕەنسی و وڵاتانی دیکەی ئەورووپا، ڕێگەی پێشمەرگە لە پارکی ئۆندرێ سیترۆئێن دەکرێتەوە. هاوکاتیش لەم پارکە پێشانگەیەکی فۆتۆگرافیی لە مێژووی خەبات و قوربانیدانی خەڵکی کوردستان بۆ رزگاری و فیداکاری و گیانبازیی پێشمەرگە لە جەنگی دژ بە ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش لەم پارکە نمایش دەکرێت.
سەرۆک بارزانی بەر لە ڕێوڕەسمەکە سەردانی سەرۆکایەتیی شارەوانیی پاریسی کرد و لە لایەن ئان هیدالگۆ سەرۆکی شارەوانیی پاریسەوە پێشوازیی لێ کرا.
لەم دیدارەدا سەرۆک بارزانی خەڵاتی دیمپلۆماتیکی سیمبولی قارەمانەتیی پێشمەرگە و هەنگوینی کوردستانی وەک دیاری پێشکەشی ئان هیدالگۆ کرد.
سەرۆک بارزانی خۆشحاڵیی خۆی بەم سەردانەی بۆ پاریس دەربڕی و سوپاسی ئەنجومەنی شارەوانیی پاریسی کرد کە بڕیاریان داوە ڕێگەیەک لەم شارە بە ناوی پێشمەرگەوە ناو بنرێت. گوتیشی ئەمە کارێکی گرنگ و مێژووییە و نیشاندەری ئەوەیە کە پەیوەندیی گەلی کوردستان و فەرەنسا مێژووییە و جەختیشی کردەوە لەسەر ئەم پەیوەندییانە بەردەوام دەبن.
سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد ناونانی شەقامێک لە پاریس بە ناوی “پێشمەرگە”، بەڵگەیەکی گەورەیە لەسەر گرنگیدانی فەرەنسا بە گەلی کورد و گوتی ئەمڕۆ ڕۆژێکی زۆر گرنگ و مێژووییە و پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان دەکەم بۆ ئەم ڕێوڕەسم و رۆژە پیرۆزە.
سەرۆکی شارەوانیی پاریسیش خۆشحاڵیی خۆی بۆ سەردانەکەی سەرۆک بارزانی دەربڕی و ڕایگەیاند “جێگەی شانازییەکی گەورەیە کە پێشوازی لە جەنابی سەرۆک بارزانی دەکەم”.
هیداڵگۆ ئاماژەی بەوەش کرد یەکەم جار لە ساڵی 2015 لە هەولێر چاوی بە سەرۆک بارزانی کەوتووە و جەختیشی کردەوە، “سەرۆک و پێشمەرگە بۆ ئازادیی هەموومان و تەواوی کورد و خەڵکی کوردستان بەرانبەر بە تیرۆریستان شەڕیان کرد.”
سەرۆکی شارەوانیی پاریس بە ئاماژەکردن بەوەی چیرۆکی پێشمەرگە و سەرۆک بارزانی، زۆر فاکتەری گرنگی لە مێژووی کوردستاندا هەیە، گوتی “بەخۆشحاڵییەوە لەبەر هەموو ئەو هۆکارانە، ناوی ئەم ڕێگەیەمان ناوە “ڕێگەی پێشمەرگە”.