سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ کۆبووەوە و دوایین ئەنجامی گفتوگۆکانیان تاوتوێ کرد.

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ کۆبووەوە تێیدا لە کۆبوونەوەکەدا، شاندەکە دوایین ئەنجامی گفتوگۆکانیان سەبارەت بە بابەتە تەکنیکی و یاساییەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ خستەڕوو و ئاماژەیان بەوە دا کە داتا و زانیاری تەواویان پێشکەش کردووە و ڕوونکردنەوەی پێویستیان لەبارەی هەموو کێشە و بابەتەکان داوە.

هەر لەکۆبوونەوەکەدا سەرۆکی حکوومەت جەختی لە گرنگیی بەردەوامبوونی گفتوگۆکان و خێراترکردنی ڕێرەوی دانوستان بە ئاراستەی گەیشتن بە ڕێککەوتن و دابینکردنی مافە دەستووریی و یاساییەکان و مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە.