خەبات: پەریهان عومەر:- ئەکتەری دیاری نێو بواری دراماو شانۆ سەرگوڵ حوسێن، دەرچووی بەشی شانۆی کۆلیژی هونەرە لە زانکۆی سەڵاحەدین، وەک مامۆستای هونەر ماوەی هەشت ساڵ لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی سلێمانی مامۆستا بووە، ئێستا سەرپەرشتیاری هونەرە لە بەشی شانۆی هۆبەی چالاکیی ڕۆژئاوا، لە ٢٠٠٧ەوە تا ئێستا لە بواری شانۆ و سینەما و دراما کاردەکات، لە دیدارێکی تایبەت بۆ خەبات باس لە هونەر و کارکردنی خۆی لەم بوارە دەکات.
*وەک ئەکتەرێک هونەری دراما لە چ ئاستێکدا دەبینی؟
دەتوانم بڵێم پێشکەوتنێکی باشی بە خۆیەوە بینیوە، لە ڕووی تەکنیک و نواندن و دەرهێنان کارەکانی ئێستا هەمە چەشن و کاری جیاواز دەکرێت. هەڵبەت هیچ کاتێک بێ کەم و کوڕی نین، بەڵام هەنگاوی زۆر باش نراوە لەو ڕووەوە.
*ئاستی خانمان چۆن دەبینی لە بواری هونەر؟
خانمان بەشێکی گەورەی کاری هونەرین، خانمانی زۆر باش و سەرکەوتوو هەن، بیرمان نەچێت هونەر لە ژیانەوە وەرگیراوە بۆیە جێدەستی خانمان لەبواری نواندن زۆر باڵایە لە ئێستادا، خۆشبەختانە ئێستا خانمان خۆیان بەرجەستەی کارەکتەرە مێیینەکان دەکەن نەوەک و وەک ساڵانی ڕابردوو پیاو بەرجەستەی کارەکتەری خانمان بکەن.
*جیاوازی هەیە لە درامای ئێستا و ڕابردوو؟
دراما لە ئێستا و ڕابردوو هەردووکیان مۆرکی سەردەمی خۆیان پێوە دیارە. بۆیە ئێمە رابردوومان قبوڵە و هەنگاو بۆ ئیستا و داهاتوو دەنێین.