بەمەبەستی دابینکردنی سەلامەتیی گشتی، تۆڕی دادپەروەریی بەندییەکان و ژمارەیەک ڕێکخراوی دیکەی کۆمەڵگەی مەدەنی، بە هاوکاریی وەزارەتی تەندروستی و کاروباری کۆمەڵایەتی، هەڵمەتی تەندروستیی گشتی لە چاکسازییەکان دەستی پێکرد.

د. ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوبەری گشتیی چاکسازییەکانی کوردستان ڕایگەیاند، ”ئەم هەڵمەتە سەرتاسەرییە بۆ بەندییەکان دەبێتە هۆی دڵنیایی تەندروستییان لە ناوەندە چاکسازییەکان، تا ماوەی یاسایی حوکمەکانیان تەواو دەکەن، بۆیە ئێمە پشتیوانیی هەموو پڕۆژەیەکی لەم شێوەیە دەکەین.“

لەلایەن خۆیەوە، د. دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر گوتی: ”لە هەموو بنکە چاکسازییەکان بە حوکمدراو و ڕاگیراوانەوە، بنکەی چاودێریی تەندروستی هەن، ئەو بنکانە بەپێی پێویست دەرمان و کارمەندی تەندروستییان تێدایە و چاودێریی دۆخی تەندروستیی بەندییەکان دەکەن، لە کاتی پێویستیش پزیشکی پسپۆڕ سەردانیان دەکات، وەک لە بنکەی چاکسازیی نەوجەوان و ئافرەتان پزیشکی پسپۆڕی لەدایکبوون و پێست و دەروورنی سەردانیان دەکەن. جگە لەوەش، ئەگەر پێویست بێت دەیانگوازینەوە بۆ بنکە و نەخۆشخانەکانی دەرەوه.“

هەڵمەتی هۆشیاری و خزمەتگوزاریی تەندروستیی گشتی بۆ بەندییەکان پرۆسەیەکی هاوبەشی نێوان هەردوو وەزارەتی تەندروستی و کاروباری کۆمەڵایەتییە لە ڕێگەی ٢١ ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی ئەنجام دەدرێت.