بەرهەمهێنانی نەوت لە دوو كێڵگەی نەوتی كوردستان دەست پێ دەكاتەوە، كۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجیش راپۆرتی خۆی لەبارەی بڕی بەرهەمهێنراوی نەوت لەو دوو كێڵگەیە بڵاو دەكاتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەم 21ـی ئاب، كۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی راپۆرتی چارەكی دووەمی ئەمساڵی بڵاو كردەوە كە بەراورد بە چارەكی یەكەم، بەرهەمهێنانی نەوت كەم بووەتەوە.
لە راپۆرتەكەدا باس لەوە كراوە، سەرەتای ئەم مانگە بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگەی تاوكێ دەستی پێ كردووەتەوە و دواتریش فیشخاپوور، ئەمەش دوای ئەوەی مانگی رابردوو كێڵگەكە بە درۆن كرایە ئامانج.
بەپێی راپۆرتەكەی كۆمپانیای دی ئێن ئۆ، بەرهەمهێنانی نەوت لە هەردوو كێڵگەدا بە تێكڕا گەیشتووەتە 74 هەزار و 760 بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا. لە كاتێكدا لە چارەكی یەكەمی 2025ـدا ئاستی بەرهەمهێنانی كۆمپانیاكە لە تاوكێ و فیشخاپوور، 82 هەزار و 81 بەرمیل بووە، هەروەها رۆژانە 27 هەزار و 940 بەرمیل نەوت لە كێڵگەی تاوكێ و 46 هەزار و 820 بەرمیلیش لە كێڵگەی فیشخاپوور بەرهەم هاتووە.
لە راپۆرتی ئەو كۆمپانیایە هاتووە، كەمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە چارەكی دووەمدا لەبەر دوو هۆكار بووە، ئەویش هێرشە درۆنییەكان و پرۆسەی چاككردنەوەی دامەزراوە نەوتییەكان بووە.