ئهمڕۆ چوارشەممە 20ـی ئابی 2025 لە سەلاحەددین، سەرۆک مەسعود بارزانی، پێشوازیی لە باڵیۆز ستیڤن فەیگن هەڵسوڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا كە وێندی گرین كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەولێریش ئامادەی بوو، بیروڕا لە بارەیی دوایین پێشهات و رووداوەکانی ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و هەناردەکردنەوەی نەوت ئاڵوگۆڕ کران و پاڵپشتیی کۆمپانیاکانی نەوتی ئەمریکی کە بەپێی یاسا و دەستور رێکەوتنیان لەگەڵ حکومەتی هەرێم ئەنجام داوە دووپات کرایەوە .
هەردوولا هاوڕابوون کە پێویستە چارەسەری پرسی کێشەی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم بکرێت و مووچەی هاووڵاتییان نەبێتە بەشێک لە ناکۆکی و ململانێی سیاسی.
لەلایەکی دیکەوە وێڕای جەختکردنەوە لە بەهێزترکردنی پەیوەندیی دوو لایەنەی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا، باس لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بارودۆخی سوریا و پێشوەچوونی هەنگاوەکانی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و بەردەوامیی هەنگاوە ئەرێنییەکان سەبارەت بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
