پۆلیسی ئاكرێ، مامۆستایەكی ئایینی لە ئاكرێ دەستگیر كرد و ڕاشیگەیاند، وتاربێژی یەكێک لە مزگەوتەكانی قەزای ئاكرێیە و سیحر و نووشتەی بۆ زیاتر لە 300 ژن و پیاو كردووە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 7ی 8ی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ئاكرێ، بڵاوی كردەوە، كە تۆمەتبارێكیان لەسەر تاوانی سیحر و نووشتەكردن دەستگیر كردووە.

ڕاشیگەیاند: “بەپێی پلانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ئاكرێ و لە بەردەوامی بەدواداچوون و دەستگیركردنی تۆمەتباران، نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی سیپە، پاش بەدەستهێنانی زانیاری و بەدواداچوون و وەرگرتنی بڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاكرێ، توانیان تۆمەتبارێک بەناوی (ع. ت. ج) تەمەن 60 ساڵ دەستگیر بكەن.”

باسی لەوەش كرد، تۆمەتبار لەبەردەم دادوەری لێكۆڵینەوە دانی بە تاوانەكەیدا ناوە، كە ماوەی چەندان ساڵە كاری سیحر و جادووی بۆ زیاتر لە 300 ژن و پیاو كردووە (سیحری بە یەكگەیاندن).

پۆلیسی ئاكرێ، دەشڵێت: “لەگەڵ خۆیدا، دەستمان بەسەر پەرتووكی تایبەت بە كاری سیحریشدا گرت.”

ڕوونیشی كردەوە، كە ئەو تۆمەتبارە وەكوو پێشنوێژ و وتارخوێن لە یەكێک لە مزگەوتەكان كار دەكات و بە فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاكرێ بەپێی ماددەی (240) لە یاسای سزادان دەستبەسەر كراوە و لێكۆڵینەوەش بەردەوامە.