دەسەڵاتی دادوەریی ئێران ڕایگەیاند، کەسێکیان لە سێدارە داوە کە فەرمانبەری شوێنێکی گرینگ و هەستیار بووە و بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئسیرائیل لە سێدارە دراوە.

ڕۆژی چوارشەممە 6ـی ئابی 2025، دسەڵاتی دادوەریی ئێران ڕایگەیاند  ئەمرۆ کەسێکیان بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل و کەسێکی دیکەشیان بە تۆمەتی ئەندامەتیی داعش لە سێدارە داوە.

ئاژانسی میزانی سەر بە دەسەڵاتی دادوەریی ئێران بە بێ ئاشکراکردنی ناوی ئەم دووکەسە ڕایگەیاند یەکێکیان فەرمانبەری شوێنێکی گرینگ و هەستیار بووە.

دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، کاناڵی “خەبەرنامەی ئەمیرکەبیر” لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تلگرام ئاشکرای کرد، یەکێک لەو لەسێدارە دراوانە کە ناوی “رووزبێهـ وادی” بووە، زانایەکی ئەتۆمی و دوکتۆرای ئەندازیاریی ئەتۆمی بە پسپۆڕیی ریاکتۆر بووە و لە زانکۆی ئەمیرکەبیری تاران خوێندنی تەواو کردووە.

ناوبراو ئەندامی “توێژینگەی زانستی و تەکنەلۆژیای ئەتۆمی” سەر بە ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران بوو.

دەسەڵاتی دادوەریی ئێران ڕایگەیاندووە “کۆکردنەوەی و ناردنی بەڵگەنامە نهێنییەکان” بەشێک لە هاوکارییە بەربڵاوەکانی ئەو کەسە لەگەڵ ئیسرائیل بووە و زانیاریشی لەسەر یەکێک لە زانایانی ئەتۆمیی ئێران کە لە جەنگی 12 ڕۆژەدا کوژرا، دابوو بە دەزگای هەوڵگرایی ئیسرائیل.

کەسی دووهەمیش کە ئەمڕۆ لە سێدارە درا ناوی “مەهدی ئەسغەرزادە” بووە و لە لایەن دەسەڵاتی دادوەریی ئێرانەوە بە ئەندامەتیی داعش تۆمەتبار کراوە.

دەسەڵاتی دادوەریی ئێران دەڵێ ناوبراو لە سووریا و عێراق ڕاهێنانی سەربازیی پێ کراوە و بە نیازی ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی لە ناو ئێراندا بووە.

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دوای جەنگی 12 ڕۆژە لەگەڵ ئیسرائیل تا ئەمڕۆ لانیکەم 10 کەسی بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل لەسێدارە داوە.