ئاسایشی هەولێر دەستگیركردنی باندێكی سێ كەسی ڕاگەیاند و دەشڵێت، ئەو باندە لە شوقەیەکی یەکێک لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لە شاری هەولێر كامێرای نهێنیان لەناو بڵندگۆ (سماعە) داناوە و دواتر لە ژووری نووستنی شوقەكە جێگریان كردووە و وێنە و ڤیدیۆی چەندان كەسیان پێ گرتووە و هەڕەشەی بڵاوكردنەوەشیان لەبەرامبەر پارە لێ كردوون.

ئەمڕۆ شەممە 2ی 8ی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر ڕایگەیاند، كە بە فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوی ئاسایشی هەولێر سێ تۆمەتباریان بە ناوەكانی (ق. ئـ. ع) و (م. غ. س) و (ف. ف. ج) دەستگیر كرد.

وەک ئاسایشی هەولێر بڵاوی كردەوە، ئەو سێ كەسە شوقەیەک لە یەكێک لە پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون لە شاری هەولێر دەگرن، دواتر لەناو ئامێرێكی بڵندگۆ (سەماعە) كامێرایەكی نهێنی دادەنێن و ژوورێكی نووستنی شوقەكە جێگیری دەكەن، دوای ئەوەش بەناوی میوانداری چەند كەسێكیان بردووەتەوە بۆ شوقەكەیان و سەرنجی كەسەكانیان ڕاكێشاوە بۆ بەكارهێنانی چەند ئافرەتێک، كە وێنە و ڤیدیۆی زیاتر لە 10 كەسیان بەشێوەیەكی نەشیاو تۆمار كردووە.

ئاسایشی هەولێر باسی لەوەش كرد، كە دوای تۆماركردنی ئەو وێنە و گرتانە، ئەو سێ كەسە هەڕەشەی بڵاوكردنەوەیان لەو كەسانە كردووە، لەبەرامبەر بڵاو نەكردنەوەشیاندا، داوای بڕێكی زۆری پارەیان كردووە، بەڵام ئاشكرا بوون و دەستگیر كراون، بۆیە ئاسایشی هەولێر دەڵێت: “سوپاسی هاووڵاتییان دەكەین، كە لە پێدانی زانیاری هاوكارمانن.”