دادگای فیدرالیی عێراق دوو سكاڵای پەیوەندیداری بە یاسای هێنانەكایەی پارێزگای هەڵەبجەی رەت كردەوە و بەم جۆرەش هیچ ئاستەنگێكی یاسایی لەبەردەم بەپارێزگابوونی هەڵەبجە نەمایەوە.

بەپێی ئەو وردەكارییەی كە دادگای فیدرالی لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆی بڵاوی كردەوە، سكاڵای یەكەمیان لە دژی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و جێگرەكانی تۆمار كرابوو، داوا كرابوو كە ڕێگەكانی دەركردنی (یاسای هێنانەكایەی پارێزگای هەڵەبجە) و دەنگدان لەسەر یاساكە بە نایاسایی دابنرێت و فەرمانی سالاری دەربكرێت بۆ راگرتنی جێبەجێكردنی یاساكە. بەڵام دادگای فیدرالی ئەم سكاڵایەی رەت كردەوە.

هەروەها سكاڵای دووەمیش لە دژی سەركۆماری عێراق تۆمار كرابوو، داواكرابوو كە مەرسوومەكەی سەركۆمار تایبەت بە هێنانەكایەی پارێزگای هەڵەبجە كە لە رۆژی ٢٩ی ٤ی ٢٠٢٥ دەریكردبوو، بە نادروست لە قەڵەم بدرێت و فەرمانی سالاریش بۆ راگرتنی مەرسوومەكە دەربكرێت، بەڵام دادگای فیدرالی ئەم سكاڵایەشی رەت كردووەتەوە.

شارەزایانی یاسایی پێیانوایە كە پاش رەتكردنەوەی ئەم سكاڵایانە، هیچ پاساوێك بۆ جێبەجێكردنی یاسای هێنانەكایەی پارێزگای هەڵەبجە نەماوەتەوە و دەبێت لەمەودوا وەك پارێزگایەكی تەواو مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت و لە هەموو بوارێكدا تەرخانكراوی تایبەتی بۆ دابنرێت.