بەهادین جەلال مستەفا
فۆلکلۆری سکاندیناڤی یان فۆلکلۆری باكوور (بە ئینگلیزی: Scandinavian folklore or Nordic folklore) بریتییە لە فۆلکلۆری وڵاتانی نەرویج، سوید، دانیمارک، ئایسلەندا و دوورگەکانی فارۆ، فۆلکلۆری هەموو ئەم وڵاتانە سەرچاوەیەکی هاوبەشیان هەیە، هەروەها کاریگەریی فۆلکلۆری ئینگلتەرا، ئەڵمانیا، وڵاتانی باڵتیک، فینلەندا و لاپلاندی لەسەر بووە. دیارە هەر وەك زانراوە كە فۆلکلۆر چەمکێکە کە کۆی هونەرە کۆنەکان، چیرۆک، داستان و ئەفسانەکان دەگرێتەوە کە تایبەتن بە داب و نەریتی گرووپێکی دانیشتووانی دیاریکراو لە وڵاتێکدا. گەلانی وڵاتانی سکاندیناڤی جیاوازن، سەرەڕای جیاوازیی ئەو ئەدەبە زارەکی و کولتوورە ماددییەی کە لە خاکەکانیاندا باو بووە، لەگەڵ ئەوەشدا، هەندێک تایبەتمەندیی هاوبەش لە ڕێگەی نەریتە فۆلکلۆرییە سکاندیناڤییەکانەوە ئامادەییان هەیە، کە لە بنچینەیەکی هاوبەشدا خۆی دەبینێتەوە لەنێوان توخمەکانی میسۆلۆژیای سکاندیناڤی (نۆرس)، هەروەها تێڕوانینە كریستانییەکان بۆ جیهان.
لەنێو ئەو چیرۆکە باوانەی کە لە نەریتی زارەکیی سکاندیناڤیادا هەن، هەندێکیان لە دەرەوەی سنوورەکانی سکاندیناڤیا ناسران – بۆ نموونە چیرۆکەکانی «سێ بزنە چاوچنۆکەکە» و «زەبەلاحەی دڵی لە جەستەیدا نەبوو».، ژمارەیەکی زۆر لە بوونەوەرە ئەفسانەییە جیاوازەکانی فۆلکلۆری سکاندیناڤی لە بەشەکانی دیكەی جیهاندا ناسراون، بەتایبەتی لە ڕێگەی کولتووری باو و ژانرەکانی ئەدەبی خەیاڵییەوە، هەندێک لەوانە ئەمانەن:
ترۆل: ترۆلەکان چینێکن لە بوونەوەرەکان کە لە سەرچاوە کۆنەکانی نۆرسدا وا وەسف کراون کە لەناو بەردە دابڕاو و چیا و ئەشکەوتەکاندا بە شێوەی خێزانی بچووک پێکەوە دەژین و، بە دەگمەن سوودبەخشن بۆ مرۆڤ و یارمەتیی نادەن، لە فۆلکلۆری دواتری سکاندیناڤیادا، ترۆلەکان پێگەیەكی دیاریان لە چیرۆکەکاندا پەیدا کرد، کە دوور لە شوێنی نیشتەجێبوونی مرۆڤەکان دەژین، كریستسان نین و، بە مەترسی بۆ سەر مرۆڤ دادەنرێن. دەرکەوتنیان بەپێی سەرچاوەکان زۆر جیاوازە؛ لەوانەیە ترۆلەکان ناشیرین و تێنەگەیشتوو بن، یان ڕەنگە شێوە و ڕەفتاریان تەواو وەک مرۆڤ بێت، بەبێ بوونی هیچ تایبەتمەندییەکی نامۆ، ترۆلەکان هەندێک جار بە شوێن و دیاردە جوگرافییە دیاریکراوەکانەوە دەبەسترێنەوە، هەندێک جاریش دەکرێت وا لێکبدرێتەوە کە لە ترۆلێکەوە دروست بوون کە بەر تیشکی خۆر کەوتووە، ئەم بوونەوەرانە لە کولتووری باوی مۆدێرندا لە کۆمەڵێکی گەورە و هەمەجۆری بەرنامە میدیاییەکاندا وێنا کراون.
هول: سکۆگسرا یان سکۆگفرۆ (ژن/خێزانی دارستان)، بریتییە لە ژنێکی سەرنجڕاکێشی مەترسیدار کە لە دارستاندا دەژی، دەگوترێت کە هول بە جوانییەکەی پیاوان فریو دەدات. کلکێکی درێژی مانگای هەیە کە لە ژێر تەنورەکەیدا بەستوویەتی بۆ ئەوەی لە پیاوانی بشارێتەوە، ئەگەر بتوانێت لە کەنیسەدا هاوسەرگیری بکات، کلکەکەی دەکەوێت و دەبێت بە مرۆڤ.
ناتمارا: لە وڵاتانی سکاندیناڤیادا، ڕەگەزێکی بەناوبانگ هەبوو کە بە ناتمارا ناسرابوو، مارا (یان مۆتەكە، کە وشە ئینگلیزییەکەیەتی) لە شێوەی ژنێکی گەنجی لاوازدا دەردەکەوێت، جلێکی نووستنی لەبەردایە، پێستی کاڵە و قژی ڕەشی درێژ و نینۆکی درێژیشی هەیە، وەک لم بەنێو بچووکترین درزی دیواری تەختەدا دزە دەکات و خەوتووەکان دەترسێنێت لە ڕێگەی «چۆکدادان لەسەر سنگیان»، کە دەبێتە هۆی بینینی مۆتەکە (کابوس). هەندێک جار سواری ئاژەڵەکان دەبوو کە کاتێک مارا دەستی لێ دەدان، قژ یان خورییەکەیان ئاڵۆز دەبوو و وزەیان دادەماڵی، هەروەها دارەکانیش دەچەمانەوە و سیس دەبوون، لە هەندێک چیرۆکدا، ئەگەر کەسێک بووکەڵەیەکی پیسی لە ژووری دانیشتنی خێزانەکەدا بەجێبهێشتایە، یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکە بەم زووانە نەخۆش دەکەوت و بە نەخۆشیی سیل دەمرد.
لەسەر چۆنیەتیی هاتنیان مشتومڕ هەیە و، لە هەندێک چیرۆکدا، ماراکان تەنها منداڵانێکی بێئارامن کە ڕۆحیان لە شەودا جەستەیان بەجێدەهێڵێت بۆ ئەوەی زیندووەکان بێزار بکەن. باوەڕێکی باو هەیە کە دەڵێت ئەگەر منداڵدانی ئەسپ بەسەر سەری ژنێکدا بهێنرێت پێش منداڵبوون، ئەوا منداڵەکان بە سەلامەتی لەدایک دەبن، بەڵام هەموو کوڕەکان دەبن بە گورگ، و کچەکانیش دەبن بە مارا.
ناکن: یان سترۆمکارل بوونەوەرێکی مەترسیداری ئاوی شیرینە، ناکن کەمان دەژەنێت بۆ ئەوەی قوربانییەکانی فریو بداتە سەر سەهۆڵی تەنک یان سواری بەلەمی کون بوون، پاشان ڕایاندەکێشێتە بنی ئاوەکە کە لەوێ خۆی بۆیان حەشارداوە. ناکن هەروەها بوونەوەرێکە کە شێوەی خۆی دەگۆڕێت و، بەزۆری خۆی دەکات بە ئەسپ یان پیاوێک بۆ ئەوەی قوربانییەکانی بۆ لای خۆی ڕابکێشێت.
نیسە – تۆمتە: ڕۆحێکی ماڵەوەیە کە بەرپرسە لە چاودێری و بەرەکەتی کێڵگە، نیسە وەک پیاوێکی کورتەباڵا (کەمتر لە چوار پێ) وەسف دەکرێت کە کڵاوێکی سووری پۆپەداری لەسەرە، نیسە لە کێڵگەکەدا ئاگاداری کارە قورسەکانە وەک بەخێوکردنی ئەسپەکان و هەڵگرتنی بارە کا و باقی ئەو ئەرکانەی کە کێڵگەکە پێویستی پێیەتی، ئەو کارانەی زۆر باشتر لە هاوتا مرۆڤەکانی ئەنجام دەدا، ئەگەر خاوەن ماڵەکە شتێک پێشکەش نەکات نیسە پێی ڕازی بێت(وەک قاپێک شۆربای شۆفان و کەرە، کە لە شەوی کریسمسدا بۆی بەجێدەهێڵرێت)، ئەوا ڕۆحەکە لە گەورەکانی هەڵدەگەڕێتەوە.
ڤیترا: جۆرێکە لە «وایت» (بوونەوەرێکی زیندووی هۆشمەند) لە باکووری سوێد کە لەژێر زەویدا دەژی، زۆربەی کاتەکان نابینرێت و ئاژەڵی تایبەت بە خۆی هەیە، زۆربەی جار، ڤیتراکان تا ڕادەیەک دوورەپەرێزن و دەست لە کاروباری مرۆڤ وەرنادەن، بەڵام کاتێک تووڕە دەبن، ترسناک دەبن. ئەمە دەکرێت بەهۆی بێڕێزیکردن پێیانەوە ڕووبدات، بۆ نموونە بە پشتگوێخستنی ئەنجامدانی هەندێک ڕێوڕەسم (وەک وتنی «ئاگاداربن» کاتێک ئاوی گەرم دەڕێژیت یان دەچیتە ئاودەست تا بتوانن خۆیان لاببەن) یان دروستکردنی خانووەکەت زۆر نزیک لە ماڵی ئەوان یان لەوەش خراپتر، لە شوێنێکدا کە ئاژەڵەکانیان بێزار دەکات یان ڕێگاکانیان دەگرێت. دەتوانن ژیانت زۆر ناخۆش یان تەنانەت مەترسیدار بکەن – هەرچی پێویست بێت دەیکەن بۆ ئەوەی دوورت بخەنەوە، تەنانەت ڕووداوی وا ڕێکدەخەن کە ئازارت پێ بگات یان تەنانەت بتکوژێت، تەنانەت لە سەردەمی مۆدێرنیشدا، خەڵک خانووەکانیان دووبارە دروست کردۆتەوە یان گواستۆتەوە.
ئاڵف: بوونەوەرێکە لە میسۆلۆژیای نۆرس و جێرمانیدا، سیفاتەکانی ئەم جۆرە بوونەوەرە هەمەجۆر و ناجێگیرن، بەپێی گەشەسەندنی ئەفسانەکان لە خەیاڵی گەلدا، لە سەرەتادا بوونەوەری بچووکی خودایی سروشت و پیتاندن بوون، هێزی جادووییان هەبوو کە بۆ چاکە یان خراپە بەکاریان دەهێنا.