هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕەخنەی تووند لە حکومەتی فیدراڵی عێراق دەگرێت و تۆمەتباری دەکات بە “خۆدزینەوە” لە ناردنی شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

  لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی، زێباری نووسیویەتی: “حکومەتی سوودانی لەڕێگەی تێوەگلاندنی هەرێمی کوردستان بە وردەکاری و بابەتە بچووکە تەکنیکییەکانەوە، خۆی لە پێدانی شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەدزێتەوە.”

ناوبراو ئەم هەنگاوەی حکومەتی عێراقی بە “پرۆسەیەکی ئاشکرا بۆ خۆدزینەوە لە پابەندییە دەستوورییەکانی و مافی هاووڵاتیبوونی یەکسان” ناوبردووە.

هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە کە “بەستنی کۆبوونەوەی سەرۆکایەتییەکان و وەزیران و لیژنەکان، هەنگاوێکە بۆ کاتکوشتن و دواخستن،” لە کاتێکدا کە بە وتەی ئەو، حکومەتی فیدراڵی “دەسەڵاتی تەواوی هەیە بۆ ئەوەی دەستبەجێ مووچەکە خەرج بکات.”