ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ پرسەکانی نەوت و مووچە لیژنەیەکی دیکە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنێت، دوای گفتوگۆکانیش کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ڕێکدەخات.
کەمێک پێش ئێستا کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران کۆتاییهات کە یەکێک لە تەوەرەکانی پەیوەست بوو بە هەرێمی کوردستان بەتایبەت نەوت و مووچە.
لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار لەسەر خەرجکردنی مووچە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەدراوە، بەڵکو بڕیاردراوە لیژنەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیران پێکبهێنرێت بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نزیکترین کاتدا.
لیژنەکە پێکدێت لە پێنج وەزارەت. دوای کۆبوونەوە لەگەڵ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی ئەنجامی گفتوگۆکان ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ڕێکدەخات.