شاندێکی تەکنیکی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە و لەگەڵ هاوتاکانیان پرسی هەژماری من و مووچە و دوایین ئەپدەیتی ڕێککەوتنی نێوانیان تاوتوێ دەکەن. حکومەتی کوردستانیش ڕەتی دەکاتەوە هەولێر هەموو نەوتی بەرهەمهێنراو ڕادەستی بەغدا بکات.
هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی ڕیشەیی كێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان چڕبوونەتەوە، دوێنێ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەردانی هەولێری کرد و لەگەڵ هەریەک لە سەرۆک بارزانی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی کوردستان کۆبووەوە.
ئەندامانی شاندە تەکنیکییەکەی کوردستان پێکهاتوون لە، کەمال محەممەد وەزیری سامانە سروشتییەکان، عەبدلوکەریم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان و ئێستا لەگەڵ شاندێکی حکومەتی عێراق لە کۆبوونەوەدا، شاندەکەی عێراقیش پێکهاتوون لە بەڕێوەبەری نووسینگەی سوودانی وەک نوێنەری سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری نەوتی عێراق و بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ.
لە کۆبوونەوەکانیشدا گفتوگۆ دەکەن لەبارەی ڕەشنووسی ڕێککەوتنەکەی نێوان هەولێر و بەغدا بەتایبەت ئەو بەشەی پەیوەستە بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت و پشکی هەرێمی کوردستان لە نەوت.









