سەرۆک بارزانی پێشوازیی لە مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کرد و لە دیدارەکەدا جەختیان کردەوە پێویستە لە چوارچێوەی دەستوور و بە ڕەچاوکردنی بنەماکانی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان، کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بکرێن.
ڕۆژی یەکشەممە 6ی تەممووزی 2025 لە سەلاحەددین، سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازیی لە شاندێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی بەڕێز مەحمود مەشهەدانی کرد.
لە دیدارەکەدا گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و کێشەکانی نێوان حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەروەها بڕیاری بڕینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم کرا.
هەردوولا جەختیان کردەوە کە پێویستە لە چوارچێوەی دەستور و بە ڕەچاوکردنی بنەماکانی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان کێشەکان چارەسەر بکرێن و بە هیچ شێوەیەکیش قووتی هاووڵاتیانی هەرێم تێکەڵ بە ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە سیاسیەکان و هەردوو حکوومەتی فیدڕاڵ و حکوومەتی هەرێم نەکرێت و بە زووترین کات کێشەی ناردنی مووچە و شایستەداراییەکانی هەرێم چارەسەر بکرێت.
هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و هەماهەنگیی نێوان لایەنەکان لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکان و ڕاستکردنەوەی هەڵە و کەموکوڕییەکانی ناو پڕۆسەی سیاسیی عێراق، تەوەری تری ئەو دیدارە بوون.
