ئەمڕۆ پێنجشەممە، 3ـی تەمموزی 2025، لە کۆشکی بەغدا، دادوەر مونزر ئیبراهیم حوسێن، وەک سەرۆکی نوێی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، لەبەردەم د.عەبدوللـەتیف جەمال ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق، سوێندی دەستووریی خوارد.
30ـی مانگی ڕابردوو و دوای ڕۆژێک لە کاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرۆکی نوێی دادگای فیدراڵی لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای دادوەرییەوە، سەرۆکایەتی کۆماری عێراق مەرسوومی کۆماری بۆ دەستبەکاربوونی سەرۆکی نوێی دادگای فیدراڵی دەرکرد.
بەگوێرەی ڕاگەیێنراوی فەرمانگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق، سەرۆککۆمار پیرۆزبایی لە دادوەر مونزر ئیبراهیم حوسێن کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکە نوێیەکەیدا. هەروەها پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ سەرخستنی ئەرکە دەستوورییەکانی دادگاکە دووپات کردەوە و جەختی لەسەر ڕۆڵی گرنگی دادگای فیدراڵی کردەوە لە پاراستنی ڕەوتی دیموکراسی، مسۆگەرکردنی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و پاراستنی سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری.