سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق، مەرسوومی دانانی دادوەرێكی نوێی بۆ دادگای باڵای فیدراڵی دەركرد، ئەوە دوای ئەوەی سەرۆكی پێشووی دادگاكە داوای خانەنشین بوونی كرد و خانەنشین كرا.

ئەمڕۆ دووشەم، 30ی حوزەیرانی 2025، سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق مەرسوومی بۆ دانانی مونزیر ئیبراهیم حوسێن، بە سەرۆكی دادگای باڵای فیدراڵی لە شوێنی جاسم محەمەد عەبوود دەركرد.

دوێنێ یەكشەم، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە ڕاگەیەنراوێكدا، پەسەندكردنی داواكاریی خانەنشینبوونی دادوەر جاسم عەبوود، سەرۆكی دادگای باڵای فیدراڵی، بەهۆی كێشەی تەندروستییەوە، ڕاگەیاند.

دادوەر مونزیر ئیبراهیم حوسێن، جێگری سەرۆكی دادگای پێداچوونەوەی فیدراڵی و ئەندامی یەدەگی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراقی بوو، ئەمڕۆ كرا بە سەرۆكی دادگای فیدراڵ.