لە قەزای قوشتەپە، تەقە لە بارهەڵگرێك دەكرێت، بەو هۆیەوەش ئاسایشی هەولێر سێ كەس دەستگیر دەكات و دەڵێت: ئەو ڕووداوە بۆ كێشەیەكی كۆمەڵایەتیی نێوان زاوا و خەزوور دەگەڕێتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 26ی 6ی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر ڕوونكردنەوەیەكی بڵاو كردەوە و ڕایگەیاند: “سەبارەت بە ڕووداوێکی تەقەکردن لە ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر لە چوار ڕێیانی قەزای قوشتەپەی شاری هەولێر، کە هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتەوە، دوای ئەنجامدانی بەدواداچوون لە لایەن هێزەکانمانەوە دەرکەوت ڕووداوەکە بۆ کێشەیەکی کۆمەڵایەتی دەگەڕێتەوە لە نێوان دوو بنەماڵەدا، کە ( زاوا و خەزووری) یەکترن.”

وەك ئاسایشی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، لەسەر ئەو ڕووداوە، بە فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر سێ تۆمەتبار بەناوەكانی (ع. خ. ع) و (ع. ڕ. خ) و (م. م. خ) دەستگیر كران و “دەست بەسەر چەكەكانیشیاندا گیراوە.”